نرخی نەوت دابەزی؛ کەمکردنەوەی سوودی بانکی و کەمی خواستی چین هۆکارە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت، رۆژی پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی. هۆکاری دابەزینەکەشی بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و کەمی خواست لەلایەن چینەوە دەگەڕێتەوە.
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.50% نیگەرانی لە رەوشی ئابووریی ئەمریکا دروستکردووە و ئەوەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 34 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 42 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەرچەندە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بە شێوازی نەریتی دەبێتە پاڵپشتی بۆ بازاڕە داراییەکان، بەڵام کەمکردنەوەی بەو رێژەیە، نیگەرانی دروستکردووە کە دۆخی ئابووریی ئەمریکا هێندە لاوازە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکای هانداوە بەڕێژەیەکی بەرچاو رێژەی سوودی بانکی دابەزێنێت.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هێشتا بازاڕی نەوت کاریگەری سستبوونەوەی ئابووریی چینیشی لەسەرە."
 
ئەو شرۆڤە کارە دەڵێت: "کەمکردنەوەی سوودی بانکی نەیتوانی نرخی نەوت بەرزبکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە