رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان و هێنانی بڕێکی زۆری بەنزین لە ئێرانەوە، نرخی بەنزین دابەزیوە. دەشڵێت، دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری و 690 دیناری بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-10-2022، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەی دوو هەفتەیە نرخی بەنزین دادەبەزێت و هۆکارەکەشی بە پلەی یەکەم دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهاندا؛ هەروەها ئێستا لە ئێرانەوە بەنزینێکی زۆر دەهێنرێت و ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین."
نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە شاری هەولێر 900 دینار بۆ 950 دینارە؛ هەرچی لیتری بەنزینی موحەسەنە نرخەکەی نزیکەی 1100 دینارە و نرخی لیترێک بەنزینی سوپەریش دەگاتە 1200 دینار.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، رۆژانە بەنزینی 800 دیناری لە 25 بەنزینخانە دابەش دەکرێت؛ هەروەها بۆ شۆفێرانی تەکسیش رۆژانە بەنزینی 690 دیناری بەردەوام لە بەنزینخانەکان دابەش دەکرێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، لە کاژێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆوە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین دابەزی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-10-2022 بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ئێوارەیە نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزینی بازرگانی 50 دینار دابەزی."
بە گوتەی گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر لە 1350 دینارەوە بووە 1300، موحەسەن لە 1225 دینارەوە بووە 1175 و نۆرماڵیش لە 1025 دینارەوە بووە 975 دینار.
لەبارەی کوالێتیی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتی: "کوالێتیی بەنزینی بازرگانی باشە و ئەوەندەی ئاگاداربین بەنزینی 800 دیناری کۆمەڵێک گلەیی لەسەر هەبوو، بەڵام باشبووە و فرۆشی خۆی هەیە."
ئەمساڵ چەند جارێک نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە. نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ نزیکەی 600 دینار بوو، بەڵام بۆ سەروو هەزار دینار بەرزبووەوە و گەیشتە 1200 دینار، بەڵام دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتنەبەری ژمارەیەک رێوشوێنی راگەیاند بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزین.
هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەحمەد جەلال، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە 950 دینارەوە بووەتە 920 دینار و بەنزینی موحەسەنیش لە 1125 دینارەوە بووەتە 1090 دینار، بەڵام بەنزینی سوپەر وەک خۆیەتی و هەر بە 1345 دینار دەفرۆشرێت.
ئەحمەد جەلال گوتیشی، رۆژانە 600 هەزار لیتر بەنزینی 800 دیناری دەگاتە دهۆک و لە 16 بەنزینخانە دابەش دەکرێت. لە هەمان کاتدا رۆژانە نزیکەی 175 هەزار تاوەکو 200 هەزار بەنزینی 690 دیناری دەگاتە دهۆک و بەسەر تاکسییەکاندا دابەش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ