نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە

19-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت بەڕێژەی 3٪ بەرزبووەوە، بەمەش نزیکبووەوە لە 68 دۆلار.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر پێناسە گومرکییەکان و هەروەها سزای نوێی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران دەگەڕێتەوە.
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی کە بازاڕەکان داخران، یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور دوو دۆلار و 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دوو دۆلار و 21 سەنت بەرزبووەوە و بە 64 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی هەردوو جۆرە نەوتەکە لە ماوەی یەک هەفتەدا بەڕێژەی 5٪ بەرزبوونەتەوە.
 
بەهۆی پشووەکانی ئەمریکاوە قەبارەی مامەڵەکان لە بازاڕدا سنووردار بوون، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن، هەردوولا گەشبینی خۆیان دەڕبڕیوە کە لەسەر کاروباری بازرگانیی نێوانیان رێککەوتن بکەن.
 
هەرچەشنە رێککەوتن و لەسەر لادان و کەمکردنەوەی پێناسە گومرکییەکان، پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستدەکات، بەوپێیەش دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ ئەو کاڵا ستراتژییە.
 
لەلایەکی دیکەوە سزا نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، خستنەڕووی نەوت کەمدەکاتەوە و ئەوەش دووبارە پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستدەکات.
 
جۆن کیلدۆف، دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاریی ئێگەین کاپیتاڵ رایگەیاند، "ئەمریکا بەردەوامە لە گوشار خستنەسەر کڕیارانی نەوتی ئێران، بەتایبەتی پاڵاوگە چینییەکان و ئەوەش بە مانای کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتە لە بازاڕدا."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە