رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن رێژەکە لە 42.5٪ بەجێگیری بهێڵدرێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025 بە سەرۆکایەتیی فاتح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00ـدا بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
بازاڕەکانی ناوخۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری بانکەکەیە. بەگوێرەی راپرسییەکی بلومبێرگ، لە کۆبوونەوەکەدا سوودی بانکی دەستکاری ناکرێت و لە 42.5٪دا بەجێگیری دەهێڵدرێتەوە.
هەندێک لە دامەزراوە بیانییەکان چاوەڕوانی خۆیان بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی سوود دەربڕیوە. یەکێک لەو دامەزراوانە گۆڵدمان ساکس ـە کە پێشبینیی زیادکردنی رێژەی سوود بە 350 خاڵ دەکات.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵی دا کە رۆژی پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025 کرا، بە کەمکردنەوەی 250 خاڵ رێژەی سوودی بانکی لە 47.50٪ بۆ 45٪ دابەزاند.
لە دووەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵی دا کە رۆژی پێنجشەممە، 06ـی ئاداری 2025، بەڕێوەچوو، بە کەمکردنەوەی 250 خاڵی بنەڕەتی، رێژەی سوودی بانکی لە 45٪ بۆ 42.5٪ کەمکردەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای دوو ساڵ، لە دوایین کۆبوونەوەی پاردا کە رۆژی پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024 کرا، بە کەمکردنەوەی 250 خاڵ رێژەی سوودی بانکی لە 50٪ بۆ 47.50٪ کەمکردەوە. بەمشێوەیە بۆ یەکەمجار لە ماوەی 22 مانگدا رێژەی سوود کەمکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ