رووداو دیجیتاڵ
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی یەکێتیی کۆمپانیاکانی بواری دڵنیایی ئوردن، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نۆیەمین کۆنگرەی ساڵانەی نێودەوڵەتی دڵنیایی کە لە شاری عەقەبە لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو بەشداربوون.
جگە لە هەرێمی کوردستان، نوێنەری زیاتر لە 30 وڵات و 1200 کەسایەتی و 350 کۆمپانیای بواری دڵنیایی لە کۆنگرەکە بەشداربوون کە رۆژی 15ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و 18ـی ئەم مانگە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
دکتۆر هاوڕێ کەمال، راوێژکار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە لە شاندەکە بەشدار بووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە شاندی وەزارەتەکەیان، لە کەرتی تایبەتیش چەند کۆمپانیایەک لەگەڵیاندا بەشداربوون، بە مەبەستی برەودان بە کەرتی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان.
دکتۆر هاوڕێ دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان بابەتی دڵنیایی لە قۆناخی سەرەتاییدایە، بۆیە بە پێویستمان زانی بەشداری لەم جۆرە کۆنگرانە بکەین تاوەکو لەو بوارە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروست بکەین." دەشڵێت، "ئێستا هەموو لایەک لەگەڵ ئەوەن کە جۆرە هاوئاهەنگییەک لە بواری دڵنیایی هەبێت".
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی دارایی باس لەوەشدەکات، "لە هەرێمی کوردستان، لە بواری دڵنیاییدا کاری لەپێشینە دەدەین بە "بیمەی ناچاریی ئامرازەکانی گواستنەوە" کە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو ماتۆڕانەی کاری دلیڤەری دەکەن."
دکتۆر هاوڕێ کەمال گوتیشی، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان رووداوی هاتوچۆ زۆر بووە، بۆیە پێویستە دڵنیایی هەبێت و سوودمەندی یەکەمیش لەو دڵنیاییە هاونیشتمانییە، چونکە ناکرت کەسێک هەموو ژیانی لە پێکەوەنانی سامانێک تەرخانبکات و بە رووداوێک لەدەستی بچێت بەبێ هیچ دڵنیاییەک".
دەشڵێت، "دەبێت لەو قۆناخە دەربچین کە ئۆتۆمبێلی کەسێک لەسەر شەقام سووتا، خەڵک پارەی بۆ کۆبکەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ