رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وەبەرهێنانی رووسیا لە کەرتی وزەی عێراق دا گەیشتووەتە زیاتر لە 19 ملیار دۆلار.
سێرگی لاڤرۆڤ، رۆژی چوارشەممە، لە مۆسکۆ لە رێوڕەسمی هەشتایەمین ساڵیادی دانانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و عێراق، قسەیکرد.
بە گوتەی لاڤرۆڤ، زۆرترین پێکەوەکارکردنی نێوان رووسیا و عێراق لە بواری نەوت و گازدایە. گوتیشی، کۆمپانیا رووسییەکانی لوکۆیل، گازپرۆم نەفت و رۆزنەفت لەو بوارەدا لە عێراق کاردەکەن.
وەزیری دەرەوەی رووسیا هەروەها باسی لەوە کرد، لە بواری پەیوەندیی بازرگانیدا، لە نێو وڵاتە عەرەبییەکاندا، عێراق یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی رووسیا.
لاڤرۆڤ گوتی: "ئێمە زۆر سوپاسگوزاری کاری بەرهەمەداری لیژنەی پێکەوەکارکردنی رووسیا و عێراقین لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، زانستی و تەکنیکیدا."
عێراق یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ئامادە نەبوو لەشکرکێشیی ئاداری 2022ی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا سەرکۆنە بکات و لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا بەردەوام بوو، وێڕای ئەوەی لە لایەن بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژئاواوە سزا بەسەر مۆسکۆدا سەپێنران.
لاڤرۆڤ گوتی: "دڵنیام پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و عێراق بەردەوامدەبن لە گەشەکردن."
عێراق و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە 9ی ئەیلوولی 1944، پەیوەندیی دیپلۆماسییان دامەزراند.
لە نیسانی 1972، عێراق و یەکێتیی سۆڤیەت "پەیماننامەی دۆستایەتی و پێکەوەکارکردن"یان واژۆ کرد.
لاڤرۆڤ لەو بارەیەوە گوتی: "بە یارمەتیی پسپۆڕانمان، دامەزراوە پیشەسازییەکان، هێڵی شەمەندەفەر، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ناەوندەکانی دیکەی بەرهەمهێنان و ژێرخانی کۆمەڵایەتی لە کۆماری عێراق دامەزرێنران کە بوونە ستوونی ئابووری نیشتمانیی" عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ