رێباز حەملان: حکومەتی عێراق هەفتەی داهاتوو بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچە دەنێرێت

12-05-2023
پەیمان محەممەد
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە دابەشکردنی مووچە بەو جۆرە بەردەوام دەبێت وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە. 
 
رۆژی هەینی 12-05-2023، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سورەیا هەساری پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بڕە پارەیەکی دیکە لە بەغداوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی راگەیاندووە و هەر بەپێی خشتەکەش دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێویستە، کە بەشی زۆری لە داهاتی نەوت دابین دەکرێت، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە. 
 
رێباز حەملان باسی لەوە کرد، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسند بکرێت، ئەوە گەرەنتییەکی گەورە دەبێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ''بێگومان ئەوە دەرگەیەکی باشە بۆ کردنەوەی ئابووریی باشتر و چاککردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان." 
 
بودجەی عێراق زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و 12.67٪ـی بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دەکات. پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کردووە و ئێستا سەرقاڵی میواندارییکردنی وەزیر و دەستە و لایەنە پەیوەندیدارەکانە.
 
رێباز حەملان گوتی، کاتێک هەرێمی کوردستان کێشەی دارایی لەگەڵ بەغدا نەمێنێت، دۆخی خەڵک، بازاڕ و جووڵەی بازرگانیش باشتر دەبێت و کاریگەریی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی دارایی دەبێت و گوتیشی، ''ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت، ئەوە دەبێتە بەڵگەیەکی یاسایی باش بۆ هەرێمی کوردستان کە بودجەکەی بۆ دەنێردرێت و رەواییدانێکیشە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.''
 
گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران
 
رۆژی چوارشەممەش 10-05-2023، دوای کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەک لەبارەی میکانیزمی گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو. 
 
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان وەکو نوێنەرانی تیمی یەکێتی، لەگەڵ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش لەبارەی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
رێباز حەملان لەو بارەوە گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا بەرنامەیەکی داراییان بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان داڕشتووە؛ بەرنامەکەش رێکخستنەوەیەکە لەسەر خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی لە سەرجەم سێکتەرەکان و لەسەر ئەوەش قسە کراوە کە شێوازی کۆکردنەوەی داهات لە هەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە.
 
دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی رایگەیاند، ''ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە پەسند بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوام بنێردرێت، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەستپێبکاتەوە و چوارچێوەیەکی یاسایی و کارگێڕیی گونجاو بە هاوئاهەنگیی پارتی و یەکێتی رێکبخرێت بۆ ئەوەی داهاتی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک یەک کۆبکرێتەوە، بێگومان کێشەی مووچە لە سلێمانی و لە هیچ ناوچەیەک نامێنێت.''
 
بڕیارە تیمی وەزاریی یەکێتی، لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا بەشدار بن. رێباز حەملان جەختی لەوە کردەوە، ئەو کێشانەی هۆکار بوون تیمی وەزاریی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەکان نەکەن کە یەکێکیشیان تایبەتە بە کورتهێنانی مووچە لە سنووری سلێمانی، لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باس دەکرێن و بڕیاری لەسەر دەدرێ.
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جیاوازی کردبێت و دەشڵێت، ''خۆم خەڵکی سلێمانیم و شارەکەی خۆم خۆش دەوێت؛ تاوەکو ئێستا هەستم بەوە نەکردووە بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دژی سلێمانی درابێت.''
 
رێباز حەملان باس لەوە دەکات، هەر پارەیەک لە بەغداوە بە نێوی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، تەنیا بۆ مووچە دادەنرێت و بۆ هیچی دیکە خەرج ناکرێت.
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەگەر ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەنێردرێت، لە مووچەی مانگی چوار زیاد بێت، دادەنرێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی مانگی داهاتوو و تا ئەو کات خەرج ناکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە