رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕی بەرزکردەوە.
تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کە بە سامانێکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان هەژماردەکرێت.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی هێنا بە دابەزینە گەورەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی و توانی بەرگری لە ئاستی 3000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە نزیکەی 3010 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، بۆ 3014 دۆلار بەرزبووەوە.
کاژێر 7:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری بەرزکردنەوەی پێناسە گومرکییەکانی سەر چین بۆ 104٪ـی جێبەجێکرد، ئەوەش بەهای دۆلاری دابەزاند و نرخی زێڕی بەرزکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، چینی تۆمەتبارکرد لەڕێگەی دەستکاریکردنی نرخی دراوەکەی هەوڵ دەدات رووبەڕووی پیناسە گومرکییەکان ببێتەوە.
حکومەتی چین بڕیارەکەی ترەمپی بە "هەڕەشەکردن و هەوڵی ترساندن"ی وڵاتەکەی ناوزەدکردووە.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گۆڕینی ئاراستەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهاکەی بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ بەرگری لە ئاستی 3000 دۆلار بکات."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، تێکچوونی کاروباری بازرگانیی جیهانی دەتوانێت نرخی زێڕ بۆ ئاستێکی دیکەی مێژوویی بەرزبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ