رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک بیتکۆین ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزیوە بۆ نزیکەی 76 هەزار دۆلار؛ بەو پێیەش نرخی بیتکۆین ئاستی هەستیاری 80 هەزار دۆلاری لە دابەزین شکاندووە و ئەگەری دابەزینی زیاتری لێدەکرێت.
نرخی بیتکۆین تەنانەت بۆ ماوەیەک لە نزیکەی 74 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام پاش چەند کاژێرێک بەرزبووەوە و ئێستا بە نزیکەی 76 هەزار و 500 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەپێی شرۆڤەکاران، پشێوی و شڵەژانی بازاڕە داراییەکان سنووردا نەبووە بە بازاڕەکانی بۆرسە و زێڕ و نەوت، بەڵکو بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکانیشی گرتووەتەوە.
شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن، ئاستی 78,500 دۆلار هێڵێکی بەرگریی بەهیزە، بۆئەوەی نرخی بیتکۆین بتوانێت خۆی راستبکاتەوە پێویستە ئەو ئاستە بشکێنێت.
دراوە دیجیتاڵییەکان، هەر لە بنەڕەتدا هێندە نرخەکانیان جێگیر نییە، بەتایبەتی شڵەژانی ئەمجارەی بازاڕە داراییەکان گوشاری بۆ نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان هێناوە.
هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، شڵەژانی ئێستای بازاڕە داراییەکان ئەگەر بەردەام بێت، نرخی بیتکۆین تاوەکو 10 هەزار دۆلار دادەبەزێنێت، لە بەرامبەردا هەندێک شارەزای دیکە پێیانوایە، شڵەژانەکەی ئێستای بازاڕەکان، دواجار قازانج بە بیتکۆین دەگەیێنێت و تاوەکو 200 هەزار دۆلار نرخەکەی بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ