نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمترین ئاستی 4 ساڵی رابردووی خۆی دابەزی

09-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بۆ کەمترین ئاستی چوار ساڵی رابردووی خۆی دابەزی.
 
تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین، یەکەم و دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو دۆلار و 13 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 60 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دوو دۆلار و 36 سەنت دابەزی و بە 57 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەوپێیەش نرخی نەوتی برێنت دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی لەدوای مانگی 3ـی ساڵی 2021 و نرخی نەوتی تێکساسیش لە کەمترین ئاستەکانی لە دوای مانگی 2ــی ساڵی 2021وە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
چوارشەممەی رابردووە کاتێک دۆناڵد ترەمپ، پێناسە گومرکییە پێچەوانەکانی بردە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، نرخی نەوت بەردەوام دابەزیوە.
 
جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، شەڕێکی گەورەی بازرگانی هەڵگیرساندووە کە بەپێی شرۆڤەکاران، دەبێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووری و کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.
 
دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا لە کاژیر 7:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە پێناسە گومرکییەکانی سەر چین بەرزبکاتەوە بۆ 104٪ و دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت.
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕیژەی 50٪ پێناسە گومرکییەکانی سەر چینی زیادکرد کە پێشتر 54٪ بوو، ئەوەش پێناسە گومرکییەکانی سەر هەر کاڵایەک کە لە چینەوە هاوردە بکرێت بۆ ئەمریکا، بەرزکردووەتەوە بۆ 104٪.
 
هەفتەی رابردوو، چین لە وەڵامی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا بڕیاریدا بەڕیژەی 34٪ پێناسی گومرکی بسەپینێت بەسەر کاڵای ئەمریکا. کۆشکی سپی هەڕەشەی لە چین کردبوو، ئەگەر بڕیارەکەی جێبەجێبکات، پێناسە گومرکییەکانی سەر ئەو وڵاتە زیاد دەکات.
 
یی لین، جێگری سەرۆکی بەشی کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری (ریستارد ئێنێرجی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "وەڵامدانەوەی خێرای چین بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا، هیچ بوارێکی بۆ دانوستاندن و رێککەوتن لەو بارەیەوە نەهێشتووەتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا خواستی چین، بە بڕی 50 هەزار بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزبێتەوە، شەڕی بازرگانی بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواستی ئەو وڵاتە نەتەنیا زیاد نەبێت، بەڵکو کەمیش ببێتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەش ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "هاندانە ئابوورییەکانی حکومەت و بانکی ناوەندیی چین دەتوانێت رێگری بکات لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت."
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی گرووپی ئۆپێک پڵەسە لەسەر زیادکردنی رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕدا لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە.
 
بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکی پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت لە ئەمساڵدا بەخێرایی گۆڕی.
 
ئەو بانکە گەورەیەی جیهان پێشبینی کردووە، نرخی نەوتی برێنت و تەکساس تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بە 62 دۆلار و 58 دۆلار مامەڵەیان پێوەبکرێت. 
بانکەکە پێشبینی کردووە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، نرخی نەوتی برێنت بە 55 دۆلار و سووکی تەکساسیش بە 51 دۆلار مامەڵەیان پێوەدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە