رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا، ئەمڕۆ (دووشەممە) نرخی نەوت بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی چەند هەفتەی رابردووی خۆی.
کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن سعودیە و رووسیاوە، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە مانگی ئایار بەدواوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 7-8-2023) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا، ئەمە یەکەمجارە نرخی نەوت بۆ ماوەی شەش هەفتەی یەک لە دوای یەک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
بەپێی شرۆڤەکاران، چەندین هۆکار هەن بۆ بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت، لەنێوانیشیاندا: کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لەلایەن سعودیە و، زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت، هەروەها گەشبینی بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا چیدیکە سوودی بانکی بەرزناکاتەوە.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC Market) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "کەمکردنەوەکانی ئۆپێک پڵەس، پاڵپشتییەکانی چین بۆ بازاڕەکانی ئەو وڵاتە و باشبوونی ئاسۆی ئابووریی ئەمریکا، بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ