رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ سێ مانگ، 500 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە ئەوە قەرزە و دەبێت دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە 2023 لەنێوان هەردوو حکومەتدا پاکتاو بکرێت.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە 04-09-2023) لەبارەی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچە و هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد. لە کۆنفرانسەکەدا وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کرد.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردراوە هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین بەشێوەی قەرز بۆ سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجبکەن، دیارە ئەو بڕە پارەیەش نە بەو هاوکێشەیە هەژمارکراوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر بنچینەی خەرجیی فیعلی هەژماری کردووە نە ئەو ژمارانەشە کە لە نێو خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵدا بۆ ساڵی 2023 تاوەکو 2025 دەستنیشان کراوە."
لە پارێزگاکانی عێراق مووچەی مانگی تەمووز و ئاب دابەشکراون، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەڵێت، "بۆیە وا چاوەڕوان دەکرا کە بۆ هەردوو مانگەکە تریلیۆنێک دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێدرێت. لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ بەسەرپەرشتیی وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشنیازی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو؛ بابەتی مووچە، خانەنشینان و پێشمەرگە بهێندرێتە دەرەوە لە بابەتی خەرجیی فعلی، چونکە لە عێراقدا تاوەکو ئێستا سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، مووچەی مووچەخۆرانی خۆیان لەکاتی خۆیدا خەرجکراوە."
ئامانج رەحیم دەڵێت، "ئەگەر تەماشای ژمارەکانی نێو یاسای بودجە بکەین، ژمارەکان زۆرباشن، واتا ئەو ژمارەی جێگیرکراوە لە خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجە بە کۆی گشتی 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار تەنیا بۆ مووچە دانراوە، نۆ تریلیۆن و 300 ملیار بۆ پاداشتی فەرمانبەران دانراوە، تریلیۆن و 200 ملیار بۆ خانەنشینیان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، لەچوارچێوەی مووچەی وەزارەتی بەرگری عێراق 228 ملیار دانراوە ئەگەر ئەو ژمارانە کۆبکەینەوە، ئەوا 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە و ئەگەر دابەشی 12 مانگی بکەین، ئەوە مانگانە زیاتر لە 900 ملیار دینار دەکات."
لەبارەی خەرجیی فیعلیشەوە، ئامانج رەحیم دەڵێت، "لە ساڵی 2015 بۆ یەکەمجار هاتە نێو یاسای بودجە، پێش 2014 واتا لە 2003 تاوەکو 2014 کە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەهات لەسەر بنەمای ئەو ژمارانەی لەنێو خشتەکاندا هەبوو، بە نموونە ئەگەر خەرجیی فیعلی لەنێو یاسای بودجەدا نەبووایە، دەبوو 10.8 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرن، بەڵام وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلی (کرداری) کە بۆ 15 پارێزگاکە خەرجی دەکات، لەوە رێژەی 12.67 بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکات، کە کەمترە لەو ژمارانەی باسم کردن."
بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، "ئەوەی جێگای باسە ئەوەیە؛ عێراق کێشەی نەختینە (سیولە)ـی نییە چونکە ئەگەر تەماشای یاسای بودجەی عێراق بکەین، بۆ ئەو سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتەی وا پێشبینی کراوە لەگەڵ 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان هەناردەبکرێت، بەرمیلێکی بە 70 دۆلار دەستنیشانکراوە، بەڵام نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت بە کرداری لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 1ـی ئەیلوولی ئەمساڵ بە 82 دۆلار بووە، واتا بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە نزیکەی 12 دۆلار (لە خەمڵاندنەکەی) وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ نەوتی فرۆشتووە."
لەبارەی خەرجکردنی 500 ملیار دیناری مانگانە لایەن حکومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، خانەنشینان و پێشمەرگە، ئامانج رەحیم دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ئەو ژمارانەی لە یاسای بودجەدا هاتوون، بۆی خەرجبکرێت و لە هەمانکاتدا ئەو 500 ملیار دینارەی لە لایەن بەغداوە خەرجدەکرێت قەرزە، واتا دەبێت لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە 2023 لەنێوان هەردوو حکومەتدا پاکتاو بکرێت."
بەگوتەی ئامانج رەحیم، "یاسای بودجەی عێراق هەم پابەندکردنی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان داناوە و هەم مافیشی پێداوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە؛ ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆیشی جێبەجێ بکات بەوشێوەی کە وەزارەتی دارایی عێراق دەستنیشانی کردووە لەسەر بنەمای خەرجی 15 پارێزگاکەی ئەوە هیچ کات هەرێمی کوردستان ئەو ژمارانەی کە لە یاساکە هاتووە پێ ناگات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ