رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دوایین بڕە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016 خەرجبکرێت. پەرلەمانتارێکی عێراق و سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێن، وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندووە، "هەموو رێکارەکانیان تەواو کردووە و پارەکە دەنێرن."
رۆژی یەکشەممە 4-9-2022، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق لەبارەی پارەی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و وەزیر پێی راگەیاندووە، "هەموو رێکارەکان تەواوبوون و لە ماوەی هەفتەیەکدا پارەکە دەنێردرێت."
308 ملیار دیناری گەنمی جووتیارانی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016ی لای حکومەتی عێراق ماوە؛ بە گوتەی موسەننا ئەمین، وەزیری بازرگانیی عێراق گوتویەتی، "تەنیا حەواڵەکردنی پارەکە بۆ بانکەکانی هەرێمی کوردستان ماوە."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت، بڕیاری خەرجکردنی پارەکە لە وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی عێراقەوە دراوە و جێبەجێکردنی ماوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق قسەم کرد و گوتیان، بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دراوە و تەنیا جێبەجێکردنی ماوە."
لەبارەی کاتی ناردنی پارەکەوە، عەبدولستار مەجید گوتی، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "بەمزووانە" دەینێرن و رۆژەکەیان دیاری نەکرد.
ئەو پارەیەی بڕیارە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، پارەی گەنمی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ