تورکمەنستان و ئێران بۆ دابینکردنی گاز بۆ عێراق رێککەوتنێک واژۆ دەکەن

04-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تورکمەنستان و ئێران رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی ساڵانە 10 ملیار مەتر سێجا گازی تورکمەنستان لە رێگەی ئێرانەوە بگوزرێتەوە بۆ عێراق. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆڕیی گاز لە تورکمەنستانەوە بۆ ئێران رادەکێشن تاوەکو لە ئەگەری هەبوونی کێشە لە دابینکردنی گازی ئێرانیدا، گازی تورکمەنستان بە عێراق بدرێت. 
 
رێککەوتنەکە لە لایەن وەزارتی دەرەوەی تورکمەنستانەوە راگەییێندرا، بەڵام باس لەوە نەکراوە بایی چەندە. 
 
راگەیێندراوی وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-07-2024 بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆرییەکی نوێی گاز بە درێژایی 125 کیلۆمەتر لە تورکمەنستانەوە بۆ ئێران رادەکێشن بۆ ئەوەی تورکمەنستان بتوانێت گازی زیاتر هەناردەی ئێران بکات. 
 
بە گوتەی وەزارەتەکە، تورکمەنستان بەنیازە، هەناردەی گازی خۆی بۆ ئێران بگەیێنێتە 40 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا. 
 
پار، عێراق لە هاوردەکردنی گازی ئێراندا رووبەڕووی کێشە و پچڕان بووەوە. گازی ئێرانی، 40٪ی گازی هاوردەکراوی عێراقی پێکهێنابوو. 
 
بۆ دەستکەوتنی داهات، تورکمەنستان بە شێوەیەکی گەورە پشت بە فرۆشتنی گاز دەبەستێت، کە یەدەگێکی گەورەی هەیە.
 
حکومەتی عێراقیش دەیەوێت ئامادەیی بکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەبوونی کێشە لە گەیشتنی گازی ئێرانیدا، پێگۆڕێکی هەبێت و بتوانێت پشت بە گازی تورکمەنستان ببەستێت، تاوەکو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباکەی لەکارنەکەون. 
 
چین گەورەترین کڕیاری گازی تورکمەنستانە. 
 
وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، هەروەها کار لەسەر راکێشانی بۆڕی بۆ ئەفغانستان، پاکستان و هیندستان دەکات. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە