ئەپیکور رەتیدەکاتەوە کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رێککەوتبن

03-03-2024
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن ئەپیکور هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کورستان ناسراو بە ئەپیکور لە راگەیێندراوێکدا رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت کرابێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەپیکور، ئەو کۆمەڵەیە پێشوازی لە هەر جۆرە رێککەوتنێک دەکات، کە لەو بارەیەوە بەدەست بێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێک بۆ رێککەوتن لەلایەن هەردوو حکومەتەوە نەدراوەتە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت."
 
ئەپیکور دەڵێت، لە رۆژانی 7 تاوەکو 9ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان هەبوو، بەڵام پێشکەوتن لە دانوستاندنەکان بەدی نەهات و پێشنیازی نوێش نەدراوەتە ئەندامانی کۆمەڵەکە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت، "بەم دواییانە چەندین بەیاننامەی بێ بنەمای عێراقییەکان لەلایەن میدیاکانەوە بڵاوبوونەتەوە، کە گوایە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیا."
 
ئەپیکور دەڵێت، "ئێمە لە نیازی ئەو لێدوان و راگەیێندراوانە تێناگەین کە زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە، بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە داخستنی بۆرییەکە مانگانە 1 ملیار دۆلار زیان لە عێراق دەدات."
 
کۆمەڵەی ئەپیکور ناوی هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەبردووە. حەیان عەبدلغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو لە پەراوێزی پێشانگەی وزەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی بەرهەمهێنەر لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون.
 
کۆمەڵەی ئەپیکور لە 8 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکدێن و لە ساڵی 2023 دامەزرا.
 
ئامانجی کۆمەڵەکە داکۆکیکردە لە ماف و شایستە داراییەکانیان دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا بڕیارێکی تایبەتی بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە بەرژەوەندیی عێراق دا. 
 
تاوەکو ئەو کاتە هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا و لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان لە 15-12-2024

رووداو زانیاری لەبارەی دوایین هۆشداریی وەزیری دارایی عێراق بڵاودەکاتەوە

کارەکانی شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستان کۆتاییان هات. شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوایین بەراوردی مووچە و بودجە دەکەن. وەزیری دارایی عێراق کۆمەڵێک سەرنجی داوەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چارەسەر نەکرێن، مووچە نانێرێت.