کاریگەریی بازاڕی دراوی سلێمانی لەسەر ئێران
نووسینگەکانی دراو لە سلێمانی نەک تەنیا بوونەتە پردی پەیوەندی نێوان بازرگانانی ئێران و عێراق، هاوکات زۆرجار خاڵی بەیەکگەیشتن و پاکتاوکردنی حیساباتی نێوان بازرگانانی ئێرانن لەگەڵ بازرگانانی تورکیا، بازرگانانی ئیمارات و بازرگانانی چین. ئەگەر حیساب و کیتابێک لەنێوان نووسینگەکانی سلێمانی بۆ نموونە و هاوبەشەکانیان لە ئێران مابێتەوە، ئەوا مانگانە و هەفتانە لە زۆر کات دا لە وڵاتانی وەک ئیمارات و تورکیا پاکتاو دەکرێنەوە. بەوپێیەش مانگانە نزیکەی نیو ملیار دۆلار لەلایەن نووسینگەکانی دراوەوە لە عێراق و بەتایبەتی سلێمانی چارەسەر دەکرێت، بەبێ ئەوەی پارەیەکی فیزیکی بگوازرێتەوە و هەموو مامەڵەکان لە راستیدا ژمارەن کە لە ناوی کەسێکەوە یان لە هەژماری بانکی کەسێکەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی کەس و کۆمپانیایەکی دیکە.