رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەن بە تەواوی توانای پێشوویانەوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە. دەشڵێت، نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی نێودەوڵەتییە، بەڵام بەرەوپێشچوون لە هەناردەکردنەوەیدا بەدی ناکەن.
مایلس کاگینگس، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کە بە ئاپیکوور ناسراوە، شەوی 20-9-2023 میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 21:30ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد. میوانەکە رایگەیاند، وەکو کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستان هیچ بەرەوپێشچوونێکیان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەدی نەکردووە.
کاگینگس دەڵێت، بەهیوان بۆریی نەوتی جەیهان بکرێتەوە و دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، چونکە گرنگە نەوتی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بازاڕەکانی جیهان.
ئەو گوتەبێژە باسی لەوەشکرد، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی نێودەوڵەتییە، چونکە چەندین وڵات لێی سوودمەند دەبن.
کاگینگس دەڵێت جگە لە هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەوان کێشەیەکی دیکەشیان هەیە کە خەرجی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانیانە. دەشڵێت، لەمساڵدا هیچ بڕە پارەیەکیان وەکو شایستەی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە.
مایلس کاگینگس ئاماژە بەوەشدەکات، چاوەڕوانییان هەیە دوای هەناردەکردنەوەی نەوت، بەرەوپێشچوون لە پێدانی شایستە داراییەکانیان بەدی بێت. کاتێکیش شایستەکانیان پێبدرێت، بە تەواوی توانای پێشووەوە دەست بە هەناردەی نەوت دەکەنەوە.
کۆمپانیاکان گرێبەستی جۆریی هاوبەشی بەرهەمهێنانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. لە کاتێکدا گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق گرێبەستی خزمەتگوزارین.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی ئەو جۆرە گرێبەستەی کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە، دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە، دەشڵێت "ئەگەر شتێکیش هەبێت شایەنی پێداچوونەوە بێت، ئامادەین بە دانوستاندن چارەسەری بکەین."
هەرچەندە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای تێپەڕینی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ