پەرلەمانتارێکی عێراق: ساڵانە بە بەهای نزیکەی 750 ملیۆن دۆلار نەوت بە قاچاخ دەبرێت

02-11-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ساڵانە بە بەهای نزیکەی 750 ملیۆن دۆلار نەوت بە قاچاخ دەبرێت و لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان، تۆڕێکی گەورە دەستگیرکراون کە بەرپرس و ئەفسەری باڵایان تێدایە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 2-11-2022، د. ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مستەفا سەند، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە کە مانگانە 100 ملیۆن لیتر نەوت بەقاچاخ دەبرێت کە مانگانە دەکاتە 628 هەزار بەرمیل و ساڵانە دەکاتە 7.5 ملیۆن بەرمیل، ئەگەر بەرمیلی نەوت بە 100 دۆلار هەژمار بکرێت، ئەوا ساڵانە دەکاتە نزیکەی 750 ملیۆن دۆلارە.
 
د. ماجد شنگالی ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی، تۆڕێکی گەورە دەستگیرکراون لەنێویاندا بەرپرس و ئەفسەری باڵا هەن، وەک لیوا غانم حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە. 
 
رۆژی 1ی تشرینى دووەمى 2022، باسم غرێباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "زانیاریمان پێگەیشتووە لیوا غانم حوسێنى، بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیسى وزەى عێراق رەوانەى لێکۆڵینەوە کراوە بەهۆى دۆسیەی بەقاچاخبردنى بەرهەمە نەوتییەکانەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى وزەى عێراق بەرپرسە لە پاراستنى دامەزراوە نەوتییەکان و رێگریکردن لە دزەکردنى ئەو بەرهەمانە و بەقاچاخبردنى.
 
بە گوتەی باسم غرێباوى، پێشتر لە لیژنەى نەوت و گاز میوانداریى ئەو بەرپرسەى پۆلسی کراوە، "بەڵام پاساوەکانى بۆ رێگری نەکردن لە بەقاچاخبردنى نەوت، جێگەى باوەڕى ئەندامانى لیژنەکەمان نەبوون، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى هەیە 30%ى بەرهەمە نەوتییەکانى بەنزین و گاز و نەوت لە عێراق بە قاچاخ دەبرێن و بەشێکیان لەنێوخۆدا ساخدەکرێنەوە، بەشێکى دیکەى دەبرێتە دەرەوەى عێراق و زۆرینەى لە پارێزگاى بەسرە دەکرێت."
 
زۆرینەى نەوتى هەناردەکراوى عێراق لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوەیە، بەگوێرەى ئاماژەکانى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق - سۆمۆ، مانگى ئەیلوولى رابردوو لەو بەندەرەوە زیاتر لە 96 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە کە نەوتى کێڵگەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق بوون.
 
لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە، ژمارەیەک کارمەندى دیکەى پۆلیس لە بەسرە دەستگیر کراون.
 
عەدنان جابرى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق کە خەڵکى پارێزگاى بەسرەیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ژمارەیەک لە ئەفسەر و کارمەندانى مەفرەزەیەکى پۆلیسى پاراستنى کۆمپانیاى نەوتى باشوور دەستگیر کراون، بەڵام وردەکاریى لێکۆڵینەوەکان و ناوەکانیان ئاشکرا نەبوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی خوسرەوی

گومرگی کرماشان: لە 9 مانگدا 1.4 ملیۆن تۆن کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردە کراوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە 9 مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 704 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە