رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کردووە، رۆژی سێشەممە لە بەغدا لەبارەی رێکارە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوەی نەوت کۆببنەوە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور کە ئەمڕۆ شەممە 1ی ئازار میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، رایگەیاند، "گەشبینین کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە رێککەوتنێکمان لەسەر کاخەز هەبێت، کە داواکارییەکانمانی تێدا بێت و واژۆشی لەسەر بێت."
ئەپیکور چەند مەرجێکی هەیە بۆئەوەی بە هەناردەکردنەوەی نەوت رازی بێت.
مایڵز کاگینز گوتی، "داوای رێککەوتنێکی نوێ دەکەین کە بە رێککەوتنی (فرۆشتن و وەرگرتن) ناسراوە. رێککەوتنێکی سادەیە و روونی دەکاتەوە کەی و چەندە نەوت وەردەگیرێت؛ هەروەها روونی دەکاتەوە ئەو نەوتەی لە کێڵگەکان وەردەگیرێت، دەبێت چ کواڵیتییەکی هەبێت؛ هەروەها روونی دەکاتەوە کۆمپانیاکان چۆن قەرەبوو دەکرێنەوە."
هەفتەی رابردوو مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کرد.
کاگینز لەوە بارەیەوە بە رووداوی گوت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر جیدییە لەوەی عێراق ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت. لە ژێر سێبەری سەرۆک ترەمپدا، ئەمریکا ئامانجی هەیە کە وزەی قەتیسماوە لە جیهاندا ئازاد بکات. 3 کۆمپانیای ئەمریکی ئەندامن لە ئەپیکور و ئەو کۆمپانیانەش ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئەمریکا خوازیارە ئابووریی عێراق بەهێز بێت و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش سەرکەوتووبن."
گوتەبێژی ئەپیکور جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت بەپێی مەرجەکانی نێو گرێبەستەکانیان، قەرەبوو بکرێنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیانە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان یاسایین و دادگەی باڵای عێراقیش پاڵپشتییان دەکات.
بەپێی هەمواری یاسای بودجە، حکومەتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیداتە کۆمپانیاکان. کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتی دەکەن کە شایستە داراییەکانیان دەدرێت. ئەوان هەروەها داوای داڕشتنی میکانیزمێک دەکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کاگینز دەڵێت، "مەرجێکی دیکە کە هەمانە ئەوەیە کە چۆن قەرزە کۆنەکانمان دەدرێتەوە کە نزیکەی 1 ملیار دۆلارە. دەبێت لامان روون بێت ئەو پارەمان چۆن دەدرێتەوە."
ئێستا هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. ئەندامانی ئەپیکور نزیکەی 60%ی نەوتەکە بەرهەم دەهێنن.
کۆمپانیاکانی نەوتی بەرهەمهێنەر لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، گرنگە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی داهاتی کۆمپانیان و داهاتی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
بەرهەمهێنەرانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئەگەر رێککەوتنیان لەگەڵ بکرێت، دەتوانن دەست بە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن.
مایڵز کاگینز ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەی نزیکەی ئەم دوو ساڵەدا کە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە راگیراوە، بەردەوام بووین لە بەرهەمهێنانی نەوت و ئەگەر داوامان لێبکرێت، دەتوانین بە خێرایی ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزبکەینەوە. رەنگە بەخێرایی نەتوانین بگەینە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل. گرنگە ئێمە ئەو رێککەوتنەمان هەبێت و پاشان دەتوانین دەست بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێهانی نەوت بکەین."
گوتەبێژی ئەپیکور هەروەها گوتی، هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و گوتی، "لە ساڵی 2023ەوە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، کۆمپانیاکانی ئێمە نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی ساڵانەیان نەما. دەبێت لە پیشەسازیی نەوت و گازدا بەردەوام وەبەرهێنان بکرێت، بیری نەوتی زیاتر لێبدرێت، کواڵیتی کەرەستە و کێڵگە و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکرێتەوە و هەر ئەوەش دەبێتە هۆکار کە نەوت بەردەوام بەرهەم بهێندرێت."
لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کاگینز گوتی، "گرنگە بۆیان. ئەوان دەیانەوێت ببینن کۆمپانیا نەوتییەکان گرێبەستیان هەیە و گرێبەستەکانیان پارێزراوە و مامەڵەی حکومەتی عێراقیش لەگەڵ کۆمانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هاوشێوەیە لەگەڵ ئەوانەی لە عێراق کاردەکەن. هەموو کۆمپانیاکانی نەوت کە لە عێراق کاردەکەن، ئەو گرێبەستەی کە بە گرێبەستی فرۆش و وەرگرتن ناسراوە هەیانە و ئێمەش گرێبەستی لەو جۆرەمان دەوێت."
بە گوتەی کاگینز، زیانی وەستانی نەوت نزیکەی 24 ملیار دۆلارە، بەڵام تەنیا سنووردار نییە بە زیانی دارایی و گوتی، "ناوبانگی عێراقیش زیانی بەرکەوتووە"، چونکە ئەو تێگەیشتنە لە دەرەوە دروستبووە کە حکومەتی عێراق پابەندی گرێبەستەکانی نابێت.
گوتەبێژی ئەپیکور ئاشکرای کرد، "پێش ئەوەی بۆری نەوت دابخرێت، هەرێمی کوردستان 0.5%ی نەوتی جیهانی بەرهەم دەهێنا و ئەوەش زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین کە هەندێ وڵاتی وەک ئێران و رووسیا سزادراون و گەمارۆیان لەسەرە و لەبەر ئەوەشە هەرێمی کوردستان دەبێت بەشدارییەکی بەهێزی لە دابینکردنی وزەی جیهاندا هەبێت."
رۆژی شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە ئەپیکور و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، رۆژی سێشەممە شاندیان سەردانی بەغدا بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەر سێ لایەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە گرێبەستەکانەوە هەیە کۆدەبنەوە؛ کۆبوونەوەکەیان بە مەبەستی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێک کە خزمەت بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بکات بە باشترین شێواز و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات.
هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، لە چەند کاژێرێکدا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن، بەڵام 8 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان رەتیانکردەوە نەوت هەناردەبکەن تاوەکو رێککەوتنێک نەکرێت بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25-3-2023ەوە راگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ