بەرەیەکی نوێی وزە لە هەرێمی کوردستان

26-11-2023
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
هەفتەی داهاتوو، 28ـەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (کۆپ 28) لە شاری دووبەی بەڕێودەچێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانییەتی کە لە دوای وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ بەغدا سەری هەڵداوە، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە رێگر لەبەردەم ئەوەی بیر لە سیاسەتێکی ستراتیژی سەبارەت بە سەرچاوە نوێیەکانی وزە بکاتەوە.
 
ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، خێراکردنی قۆناخی راگوزاری وزەیە بۆ ئەوەی ئاستی دەردانی گازە زیانبەخشەکان پێش ساڵی 2030 کەمبکات، بە مەبەستی رێگریکردن لە گەرمبوونی زیاتری پلەی گەرمیی زەوی کە لە هەموو رووێکەوە مەترسی بۆ دانیشتووان دروستکردووە. سەڕەرای دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و پیشەسازییە قورسەکانی وەک ئاسن و چیمەنتۆ، ئەو دەستکەوتانە زیادبوونی ئاستی دەردانی گازی دووانە ئۆکیسدی کاربۆنی لێکەوتووەتەوە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کۆمپانیا نەوتییەکانی پابەندکردووە بەوەی گازی هاوەڵ لەگەڵ نەوت بخەنەوە ناو بیرە نەوتەکان یان بەکاریبێنن بۆ بەهەمهێنانی کارەبا. ئەوەش کاریگەری هەبووە لە کەمکردنەوەی ئاستی دەردانی گازە زیانبەخشەکان. 
 
لە چەند ساڵی رابردوودا هەروەها بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزۆری لەجیاتی گازوایل و نەوتی رەش، گازی سرووشتیی بەکارهێناوە، ئەوەش هۆکاربووە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی دەردانی گازە زیانبەخشەکان. هەرچەندە ئەو هەنگاوانە ئەرێنی بوون، بەڵام هێشتا نزیکەی نیوەی کارەبای بەرهەمهاتوو بەتایبەتی لەکاتی زیادبوونی خواست لە هاوین و زستان، هەر لەلایەن موەلیدە تایبەتەکانەوە بەرهەمدێت کە بەڕادەیەکی زۆر هۆکارن بۆ بەردەوامیی زیادبوونی قەبارەی دەردانی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن. ئەم هۆکارانە وادەکات کە داڕشتنی سیاسەتێکی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە نوێیەکانی وزە بەتایبەتی (هایدرۆجینی سەوز) لە هەرێمی کوردستان ببێتە کارێکی پێویست.
 
هایدرۆجینی سەوز و بەکارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا یان بەکارهێنانی لە کەرتی گواستنەوەدا دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هایدرۆجینی سەوز، لە رێگەی پرۆسەی ئێلێکترۆلایزینگی ئاو و بەکارهێنانی کارەبایەک بەرهەمدێت کە لە رێگەی وزەی خۆر یان وزەی با بەرهەمهاتووە. هەلومەرجی جوگرافی و کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان کە هەندێ جار لە ساڵێکدا 300 رۆژی خۆرەتاوە، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی پەرەپێدانی هایدرۆجینی سەوز کەڵکی ئابووریی هەبێت.
 
وڵاتە نەوتییەکانی وەک سعودیە، ئیمارات و عومان پێشتر وەبەرهێنانی گەورەیان لە هایدرۆجینی سەوزدا کردووە. سعودیە پڕۆژەیەکی 8.4 ملیار دۆلاریی لەوبارەوە جێبەجێ دەکات. ئیماراتیش کە تێکڕا 54 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە وزە نوێبووەکان کردووە، بەشێکی بەرچاوی تەرخانکردووە بۆ پەرەپێدانی هایدرۆجینی سەوز.
 
سەرەڕای کێشە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی گوشارەکانی بە‌غدا و وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت دروستوون، هێشتا دەرفەت بۆ پەرەپێدانی هایدرۆجینی سەوز لە ئارادایە، ئەوەش لە رێگەی ئاسانکاریکردن بۆ کەرتی تایبەت و گەرەنتیکردنی پڕۆژەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر و هایدرۆجینی سەوزەوە کە کەرتی تایبەت ئامادەیە جێبەجێیان بکات. خاڵێکی گرنگ دابینکردنی زەوییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە، بەوپێیەی رووبەرێکی فراوانی زەوی داگیر دەکەن.
 
هایدرۆجینی سەوز نە تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت، بەڵکو شۆڕشێکی گەورەی لە کەرتی گواستنەوەدا دروستکردووە. وڵاتانی ئەورووپا، کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وزەی داهاتوو هەژماری دەکەن و ئامادەن لە هەر وڵاتێک پڕۆژەی لەو چەشنەی هەبێت وەبەرهێنانی تێدا بکەن. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە گرووپی 20، بەپێی رێککەوتنی ژینگەیی پاریس، خۆیان پابەندکردووە بە پارەدارکردنی پڕۆژەکانی بواری وزە نوێیبووەکان بە بڕی لانیکەم ساڵانە 100 ملیار دۆلار لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت. گۆڕینی سەرچاوە نەریتییەکانی وزە و پەرەپێدانی سەرچاوە نوێیەکانی وزە نە تەنیا دەبێتە هۆکار بۆ چارەسەکردنی کەمیی کارەبا، بەڵکو هاوکات لە رێگەی میکانیزمی ( قەرزی کاربۆن) دەتوانێت ساڵانە ملیۆنان دۆلار داهات بۆ وڵاتان دەستەبەر بکات.
 
هەرێمی کوردستان نزیکەی 3,000 (مێگاوات/کاژێر) و عێراق نزیکەی 10,000 (مێگاوات/کاژێر) کورتهێنانی کارەبای هەیە. سەرەڕای ئەوەی دوو حکومەت جەخت لە پەرەپێدانی سەرچاوە نوێبووەکانی وزە دەکەنەوە، تەنیا بڕێکی کەم کارەبا لەو رێگەیانەوە بەرهەم دێت، یان تازە پلانیان بۆ داڕێژراوە. لە عێراق تەنیا پڕۆژەیەکی بەرچاو کە لەو بوارەدا راگەیێندراوە، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی 1,000 (مێگاوات/کاژێر) کارەبایە لە رێگەی وزەی خۆرەوە کە کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنیرجیی فەرەنسی بڕیارە جێبەجێی بکات. لە هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەیەک بە توانای 25 (مێگاوات/کاژێر) راگەیێندراوە و بڕیارە لە داهاتوودا پڕۆژەیەکی دیکەی 100 (مێگاوات/کاژێر)ی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە جێبەجێ بکرێت. ئەو پڕۆژانە دەتوانن تەنیا رێژەیەکی کەم لە خواستی کارەبا دابین بکەن و زۆر کەمتریشە لەو توانا گەورەیەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە نوێبووەکانی وزە هەیە.
 
بەپێی راپۆرتێکی (سندووقی هایدرۆجینی سەوز) کە پێگەی لە هەولێرە، بەرهەمهێنانی 1,000 (مێگاوات/کاژیر) کارەبا لە رێگەی هایدرۆجینی سەوزەوە کەڵکی ئابووریی هەیە و تێچووی کەمترە لە بەرهەمهێنانی 1,000 (مێگاوات/کاژیر) کارەبا کە ئێستا لە رێگەی بەکارهێنانی گازوایل یان نەوتی رەوشەوە بەرهەم دێت. جگە لەوەش بەرهەمهێنانی 1,000 (مێگاوات/کاژێر) کارەبا لە رێگەی هایدرۆجینی سەوزەوە بەهۆی وەرگرتنی (قەرزی کاربۆن)ـەوە، داهاتی ساڵانە 200 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنەر دەستەبەر دەکات.
 
کۆنفرانسی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە رۆژی 30ی ئەم مانگە تاوەکو رۆژی 12 ی مانگی 12 بەڕێوەدەچێت بەتایبەتی لە بواری هایدرۆجینی سەوز بڕیاری گرنگی تێدا دەدرێن. ستانداردە جیهانییەکان و رێنوێنییەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هایدرۆجینی سەوز لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا بۆ یەکەم جار رادەگەیێندرێن و ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی گەورە لە بواری هایدرۆجینی سەوز لە سەرانسەری جیهان دا.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.