جیهان
کاتی تێکشکاندنی مووشەکێکی حوسسیەکان لەلایەن تیمی کەشتیوانیی دایمۆند بریج لە 12-4-2024، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی یۆنانی لە نزیک یەمەن راگەیاند.
بەگوێرەی ئاژانسی چاودێریی هاتووچۆی سەر بە سوپای بەریتانیا و سوپای ئەمریکا، هێرشەکە رۆژی دووشەممە کراوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) گوتی، حووسییەکان بە سێ مووشەکی بالیستی و سێ درۆن، کەشتیی ئێم ڤی سایکلەیدز ـیان بەئامانجکردووە، کە کەشتییەکی بازرگانیی یۆنانی و هەڵگری ئاڵای ماڵتایە.
سێنتکۆم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی "زانیاریی سەرەتایی نیشانیدەدات؛ هیچ کەس بریندار نەبووە و کەشتییەکەش لە رۆیشتن بە رێگەی خۆیدا بەردەوامە."
پێش ئەوە، ئاژانسی ئاسایشی دەریاوانی بەریتانیا رایگەیاند، لە نزیک کەشتییەکی بازرگانی لە باکووری رۆژئاوای یەمەن تەقینەوەیەک روویداوە بەڵام "کەشتییەکە و کەشتیوانەکانی سەلامەتن."
هەروەها دامەزراوەی ئەمبرەی، کە ئەویش لە بواری ئاسایشی دەریاوانی کاردەکات، رایگەیاند ئەو کەشتییە بارهەڵگرە لە جەددەی سعودیەوە بەرەو وڵاتی جیبۆتی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا بەڕێوە بووە. هۆکاری چاوەڕوانکراوی هێرشەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەبووە.
حووسییەکانیش بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە هێرشکردنە سەر ساکلەیدز و ئێم ئێس سی ئۆریەن و دوو کەشتیی ئەمریکا راگەیاند.
ئەو هێزە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێت، سەنعای پایتەخت و زۆرینەی کەنارەکانی دەریای سووریان بەدەستەوەیە. لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
ئەوان دەڵێن، ئەو کارانەیان هاوسۆزییەکە بۆ دانیشتووانی غەززە، کە ئیسرائیل هێرشێکی تووندی کردوونەتەسەر.
سێنتکۆم هەروەها باسی لەوە کرد بەیانیی رۆژی دووشەممە، درۆنێکیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتە خوارەوە کە "بەرەو کەشتییەکانی یو ئێس ئێس فلیپین سی و یو ئێس ئێس لابوون" بەڕێوەبووە.
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، ئەمریکا و بەریتانیا، بە جیا و بە هاوبەشی، چەندینجار هێرشیانکردووەتە سەر پێگەی حووسیەکان لە یەمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ