جیهان
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەڕێ دەکرێت ساڵی 2024 ببێتە گەرمترین ساڵ کە لە هەسارەی زەویدا تۆمار کرابێت.
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیاردەی بە بیابانبوون لە جیهان نیگەرانە و دەڵێت، پێویستە بە شێوازێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هۆشداریش لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکات دەڵێت، لە 25 ساڵی ئایندەدا لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیانی بۆ 75٪ی دانیشتووانی جیهان دەبێت.
لە رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی بە بیابانبوون، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە ئاست زیاتربوون و دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەربڕی و رایگەیاند، ساڵانە بە بیابانبوون ناوچەی زیاتری جیهان دەگرێتەوە و پێویستە بە شێوازێكی جیاواز لە ساڵانی رابردوو مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردەیە بکرێت، بە جۆرێك کە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەڕێ دەکرێت ساڵی 2024 ببێتە گەرمترین ساڵ کە لە هەسارەی زەویدا تۆمار کرابێت؛ لە 2024 چەند شەپۆلێكی گەرما ناوچەکانی دەریای نێوەڕاست، ئێکوادۆر، بەرازیل، مەغریب، نامبیا، مێلاوی و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهانی گرتەوە و بەهۆیەوە ئاگری دارستانەکان، وشکەساڵی و کورتهێنانی خۆراکی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ساڵانە وشکەساڵی زیان بە زیاتر لە 55 ملیۆن کەس لە جیهان دەگەیێنێت.
راپۆرتی ئەو لێکۆڵینەوە هاوبەشە ئاماژە بە مەترسی شەپۆلەکانی وشکەساڵی بۆ سەر هەسارەی زەوی دەکات و دەڵێت: "هەرچەندە دیاردە سرووشتییەکان وەک گەردەلوول و لافاو مەترسیدارتر دەردەکەون، بەڵام زیانی دەرهاویشتەکانی وشکەساڵی چەندین جار لە کارەساتە سرووشتییەکان زیاتر و گەورەترە، کەچی هێندە گرنگی پێنادرێت و تیشکیشی ناخرێتەسەر"، دەشڵێت وشکەساڵی کاریگەری زنجیرەیی بۆ سەر زەوی هەیە و زیان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، وزە، بازرگانی و گواستنەوە، ژینگە و تەندروستی دەگەیێنێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2022 و 2023 وشکەساڵی زیانی بە لانیکەم ملیۆنێک و 800 هەزار کەس گەیاندووە؛ لە 85٪ی ئەو زیانبەرکەوتووانە لە وڵاتانی هەژار و ئاستمامناوەندی ئابووریدا دەژین؛ چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050 لە نێو هەر چوار کەس، سیانیان بەر زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ