رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ کوڕەکەی دەرکرد کە تاوانی خۆدزینەوە لە باج و کڕینی چەکی بە شێوەی نایاسایی، بەسەردا ساخبووەتەوە.
هەنتەر بایدن لە چاوەڕوانیی دادگەدا بوو بۆ ئەوەی سزاکەی بۆ دیاریبکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هەرکەسێکی ژیرمەند سەیری راستییەکانی دۆسییەکانی هەنتەر بکات، بۆی دەردەکەوێت کە تەنیا لەبەر ئەوەی کوڕی منە، هەنتەر کراوەتە ئامانج، ئەمەش هەڵەیە،" بایدن هەروەها دەڵێت، ئەوەی لە بەرامبەر کوڕەکەیدا کراوە، "شکاندنی دادپەروەری بووە."
ئەم ساڵ دادگە هەنتەر بایدنی بە تاوانبار ناساند لە بەرامبەر ئەوەی زانیاریی ناڕاستی داوە لەبارەی بەکاربردنی مادەی هۆشبەر لە کاتی کڕینی چەکدا، کە لە ئەمریکا ئەوە بە تاوانێکی گەورە هەژمار دەکرێت. هەروەها دانی بە تاوانێکی دیکەی خۆدزینەوە لە باجدا نا.
بڕیاری لێخۆشبوونەکە دوای ئەوە دێت کە بایدن چەندین جار گوتوویەتی، دەستوەردان لە کێشە یاساییەکانی کوڕەکەیدا ناکات. نووسینگەی رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە ئەیلوولی ئەم ساڵ رایگەیاند، بایدن بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کوڕەکەی دەرناکات.
لە هەمان کاتدا، ئەو دۆسیانەی لە دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جووڵێنرابوون، لە دوای بڕیاری دادگەی باڵا بۆ پێدانی پارێزبەندیی سەرۆکایەتی، وەستاون، بڕیارێک کە بووە هۆی ئەوەی ترەمپ لە سزای زیندانیکرن رزگاریبێت، تەنانەت دوای ئەوەی تاوانی ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانی بەسەردا ساخبووەوە.
بایدن لە راگەیێندراوەکەی رۆژی یەکشەممەیدا دەڵێت: "من گوتم دەستوەردان لە بڕیاری وەزارەتی داد ناکەم و قسەی خۆمم بردە سەر، تەنانەت کە سەیرم دەکرد کوڕەکەم بە دیاریکراوی و بە نایاسایی لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
بایدن هەروەها دەڵێت: "ئەو تۆمەتانەی دراونەتەپاڵی، تەنیا دوای ئەوە هاتن کە ژمارەیەک نەیاری من لە کۆنگرێس وروژاندیان بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر من و دژایەتیی هەڵبژاردنی من بکەن. بڕوام بە سیستمی دادپەروەری هەیە و من شەڕی ئەمەم کردووە، هەروەها پێموایە سیاسەت کاریگەریی لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەبووە و بووەتە هۆی شکاندنی دادپەروەری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ