جیهان

جێن ناکاتانی، وەزیری بەرگریی ژاپۆن و پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەیاندا لە تۆکیۆ 30-3-2025، وێنە: Kiyoshi Ota / POOL / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی "بەرپەرچدانەوەیەکی تووند و خێرا"ـی دەبێت، بۆ هەر هەڕەشەیەک کە لە ناوچەی "زەریای هیندۆئارام" روو بدات لەنێویاندا "گەرووی تایوان".
لە ژاپۆن، دووەم و کۆتا وڵات لە گەشتەکەی پیت هێگسەس بۆ ناوچەی ئاسیا، کە بە فیلیپین دەستیپێکرد؛ ئەو وەزیرە تەمەن 44 ساڵە ئەمریکییە جەختی لە "گەرەنتیکردنی" ئاسایشی ناوچەی هەردوو زەریای هیندی و ئارام لەدژی هەڕەشە سەربازییەکانی چین کردەوە.
پیت هەگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتیشی، "ئەمریکا گەرەنتیی بەرپەرچدانەوەیەکی تووند، خێرا و روون دەکات لەو ناوچەیە دا، لەنێویاندا گەرووی تایوان" هێرشیشی کردە سەر چین و هەڕەشەکانی لەو ناوچەیە بە "دوژمنکاری و سەرکوتکاری" ناوبرد.
دوورگەی تایوان، یەکێکە لەو بابەتە ئاڵۆزانەی بەردەوام وەک گەورەبەربەستی نێوان ئاساییبوونی پەیوەندییەکانی پەکین و واشنتن تەماشا دەکرێت.
ئەمریکا، بە گوێرەی یاسایەکی کۆنگرێس کە لە 1978 دەرکرا، خۆی پابەند کردووە بەوەی هاوکاریی سەربازی و لۆجستی تایوان بکات لەدژی هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی ببێتەوە، لە کاتێکدا چین، دوورگەکە بە بەشێكی وڵاتەکەی دەزانێت و داوای گەڕاندنەوەی بۆ ژێر سەروەری خۆی دەکات.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەی دا لەگەڵ جەنەرال ناکاتانی، هاوتا ژاپۆنییەکەی لە تۆکیۆ، هێگسەس رایگەیاند "لە ئەگەری هەر دۆخێكی نائاسایی و نەخوازراو دا کە لە ناوچەی رۆژئاوای زەریای ئارام بێتە پێشەوە، ژاپۆن لە هێڵی پێشەوە دا دەبێت و ئەمریکا و ژاپۆن پێکەوە بەهێزەوە پشتگیری لە یەکدی دەکەن لەو ناوچەیە دا".
لە چەند ساڵی کەمی رابردوودا، بەتایبەتی لە 4 ساڵی سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، چین ئامادەکاری سەربازی، راهێنان و مانۆڕەکانی لە ناوچەی ناسراو بە " دەریای باشووری چین" زیاتر کردووە؛ لە 2022ـوە گەشتە ئاسمانییە سەربازییەکانی بەسەر دوورگەی تایوان زیاتر کردووە و بە دووریشی نازانێت هێز بەکاربهێنێت بۆ "وەرگرتنەوەی" تایوان.
هێگسەس گوتی "کۆبوونەوەمان لەگەڵ هاوتا ژاپۆنییەکانمان بەهێزیی لە رادەبەدەری هاوپەیمانیی ئەمریکا و ژاپۆن دەردەخات؛ هەروەها ئەو راستییەش دەسەلمێنێت؛ ئەو هاوپەیمانیێتییە بەردی بناخەی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیە، هەروەها وەکو بنەمایەکی سەرەکیی گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئاشتی ناوچەکە تەماشای دەکەین".
هێگسەس هێرشی کردە سەر چین و گوتی "ئەمریکا و ژاپۆن، پێکەوە بە توندی لەبەردەم کردە دوژمنکار و سەرکوتکارانەکانی چینی کۆمێنیست دەوەستن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ