لە هێرشێکی درۆنیدا چوار هاووڵاتیی ئۆکراینی کوژران

29-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکی درۆنیی رووسیادا بۆ سەر شاری دنیپرۆی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، لانیکەم چوار کەس کوژران و 19 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
رۆژی شەممە 29-03-2025 سێرگی لیساک، پارێزگاری هەرێمی دینپرۆپێترۆڤسک لە تەلەگرام نووسی: "درەنگانی شەوی رابردوو رووسیا زیاتر لە دوو دەرزەن [نزیکەی 25] درۆنی رەوانەی دنیپرۆ کرد."
 
لیساك رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکە چوار  کەس کوژران و 19ـی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "چەندین باڵەخانەی بەرز لە دنیپرۆ لە ئەنجامی هێرشەکە زیانیان بەرکەوت. ئاگر لە نزیکەی 12 خانوو کەوتەوە، چەند بەنزینخانەیەکیش ئاگریان گرت."
 
پێش ئەو هێرشە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای دامەزراندنی "حکومەتی کاتی" لە ئۆکرانیا کرد، بە جۆرێک نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی بکات.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەو داوایەی رەتکردەوە و گوتی: "ئەمە دوایین پلانی دواخستنی ئاشتییە."
 
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 20ـی مانگی یەکی ئەم ساڵ دەستبەکاربووەتەوە، گوشاری زۆری بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست کردووە و داوای کردووە کەشتییەکانی دەریای رەش بە ئازادی هاتووچۆ بکەن.
 
پێچەوانەی هەوڵەکان، ڤۆڵکەر تورک، سەرۆکی ئاژانسی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "جەنگ لە ئۆکراینا تووندتر بووە و خەڵکی سڤیلی زیاتر دەکوژرێن و بریندار دەبن. ژمارەی قوربانییەکانی سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 30٪ بەراورد بە سێ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو زیاتر بوون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە