لە نەمسا هەڵبژاردنە؛ جیاوازیی بانگەشەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ببینە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڤیەننا و هەولێر
بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڤیەننا و هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە نەمسا خەڵک دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و پارتی فەرمانڕەوای داهاتووی وڵاتەکە هەڵدەبژێرن. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا بەربژێر بۆی نەبوو لە 15 هەزار یۆرۆ زیاتر خەرج بکات. 
 
خەڵکی وڵاتەکە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی 183 نوێنەر بۆ پەرلەمانەکەیان دەدەن. 
 
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە نەمسا، لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان پۆستەر و وێنەی کەسانی یەکەمی حیزبەکان هەڵدەواسرێن، پۆستەری بەربژێران کەمتر دەبیندرێت. 
 
یان کڕاینەر، 23 ساڵە لەو وڵاتە پەرلەمانتارە و چەندین کامپەینی هەڵبژاردنی بەڕێوەبردووە. ئەو بە پێنووس و دەفتەرێکەوە لەسەر شەقامەکان بانگەشە دەکات، بە چەند خاڵێکی کورت رێبواران لە بەرنامەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە و وێنەی سەرۆکی پارتەکەی خۆیان پێشان دەدات. 
 
لە کڕاینەم پرسی، پارتەکەتان دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بودجە بۆ کەمپەینی هەڵبژاردن دابنێت؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی، "سنوورێک بۆ خەرجیی بانگەشەی هەڵبژاردن هەیە، بۆ هەموو پارتە سیاسییەکان، پارتی گەل هیچ کات پابەندی ئەم سنوورە نەبووە، دەبێت دوای چەندین ساڵ ئەم ساڵ پابەند ببن، بەڵام ئەوان دوو ئەوەندەی بڕەکەیان خەرج کردووە، ئەگەرێک هەیە کە بەهۆی هەڵئاوسانەوە ئەم بڕە گۆڕانکاری بەسەردابێت، پێشتر حەوت ملیۆن یۆرۆ بوو، ئێستا نزیکەی هەشت ملیۆن یۆرۆیە، هەر بەربژێرێک دەتوانێت تاوەکو 15 هەزار یۆرۆ لە پارەی خۆی خەرج بکات، لەوە زیاتر لەگەڵ ئەو سنوورە دەبێت کە دانراوە."
 
لەو وڵاتە کەمپەینێکی ئارام و بێ ژاوەژاوی سەر شەقامەکان بەڕێوەدەچێت. 
 
لە هەرێمی کوردستانیش بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ سەیرێکی جیاوازیی بانگەشەکەمان کرد. لێرە وێنەی بەربژێران پایتەختی تەنیوە، شەقام، شۆستە، باڵەخانە و پردەکانیش، هەر شتێک دەرفەتێکی بچووکی تێدابێت بۆ نمایشکردنی وێنەی بەربژێرەکان، پڕ پڕ کراون لە پۆستەر.
 
سەڵاح عەبدوڵڵا شۆفێری تاکسییە، هەر لە بەیانیی زووەوە تاوەکو درەنگانی شەو چاوی لە وێنەی بەربژێر بە بەربژێرە، ئەم پیاوە دەم بە دوعایە تاوەکو وێنە و ئاسنی پۆستەرێک بەرنەبێتەوە سەر ئۆتۆمبێلەکەی.   
 
باش قایمنەکردنی پۆستەر و فلێکسەکان لەسەر شەقامەکان مەترسی بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکان دروستکردووە، بەتایبەتی لەکاتی رەشەبادا کە بەشێکی زۆریان کەوتوونەتە سەر شەقامەکان و دوورگەی ناوەندی شەقامەکان. 
 
کێشەیەکی دیکەی ئەو پۆستەر و فلێکسانە ئەوەیە کە کامێراکانی چاودێری شاردراونەتەوە و بزربوونە، سەڵاح دەڵێت، "ئەوەش خراپە، چونکە شۆفێران نایبینن و لەوانە خێراییان زیاد بکەن."
 
لە بەشێک لە شوێنەکان، بەهۆی فلێکس و پۆستەری بەربژێران، بۆ پەڕینەوە لە شەقام جێگە نەماوە. پیادەڕۆ ناچارە لەبری شۆستەکان، بەنێو شەقامەکەدا هاتووچۆ بکات. 
 
شێرزاد یوسف، خاوەنی چێشتخانەیە لە ئیسکانی هەولێر، دەڵێت: ئەو پۆستەرانە لەنێو ترافیکلایت دادەنرێن، لەکاتێکدا دەبێت زیاتر لە 50 مەتر دووربێت. "دواتر ئەوانەی خۆیان بەربژێر کردووە، ئەگەر خەڵکێکی رۆشنبیر بن، بەبێ پۆستەریش خەڵک دەنگیان پێ دەدات."
 
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە، هەروەها بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانیش رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پاركە گشتییەكان. هاوکات رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل.
 
بەپێی ئەو رێنوێنییانە بێت، ئێستا شوێنی زۆربەی هەرە زۆری پۆستەرەکانی هەرێمی کوردستان سەرپێچین.
 
راپۆرتی زنار شینۆ و پەیام سەربەست
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی دیاسپۆرا.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا بەڕێوەدەچێت؛ 'دیاسپۆرانشینانی کورد پەرتەوازەن'

سەرەتا دانا شەدەڵا باسی مێژووی سۆسیال دیموکراتەکانی لە نەمسا کرد و روونیکردەوە کە مێژووی دروستبوونی سۆشیال دیموکرات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1889، گوتی: "برۆنۆ کرایسکی کە گەورەترین کەسایەتیی سۆشیال دیموکراتەکانی نەمسایە و لە ساڵی 1970 بووتە سەرۆکی نەمسا، ئەو باسی کوردی کردووە و لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی 'لەگەڵ کوردەکان هاوسۆز بووم و یارمەتی کوردەکانم داوە".