ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر راگرتنی پاکێجێکی هاوکاری بۆ ئیسرائیل دەدات

28-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سیناتۆرێکی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر دوو پڕۆژەیاسا دەدەن کە ئامانج لێیان وەستاندنی پاکێجێکی هاوکاریی ئەمریکایە بۆ ئیسرائیل.
 
رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، بێرنی ساندەرز، کە ئەندامێکی سەربەخۆی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکایە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئیسرائیل پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگی کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی فەلەستینییەکانی غەززە رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی ببنەوە.
 
ساندەر گوتی، "نەتەنیاهوو [سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل] بەئاشکرا یاساکانی ئەمریکا و یاسا نێودەوڵەتییەکانی لەم جەنگە [جەنگی غەززە] پێشێل کردووە، دەبێت ئێمە دەستبەرداری بەشداریمان لەم کۆمەڵکوژییە بین."
 
ئەو سیناتۆرە سەربەخۆیە گوتیشی، "ئەم شەڕە نزیکەی هەمووی بە چەکی ئەمریکی و بە نزیکەی 18 ملیار دۆلاری باجدەرانی ئەمریکا کراوە."
 
ساندەرز ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، بۆمبی ئەمریکی لەنێو گەڕەکە قەرەباڵخەکانی غەززە بەکارهێناوە و سەدان هاووڵاتی سیڤیلی کوشتووە و هەوڵی نەداوە کە هاووڵاتییانی سیڤیل و چەکدارانی حەماس لە یەکدی جیا بکاتەوە.
 
بەهۆی ئەوەی هەردوو پارتی دیموکراتی کۆمارییەکانی ئەمریکا پاڵپشتییەکی بەهێزی ئیسرائیل دەکەن، پێشبینی ناکرێت کە پڕۆژەیاساکە تێپەڕێندرێت.
 
لە تشرینی دووەمی رابردوو، ئەنجوومەنی پیران بە زۆرینەی دەنگ رێگری لە سێ پڕۆژەیاسا کرد کە لەلایەن ساندەرزەوە بۆ راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل پێشکێش کرابوون.
 
بەگوێرەی یاسای ئەمریکا، کۆنگرێس دەتوانێت بە زۆرینەی دەنگ، رێگری لە فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی بیانی بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەم شێوەیەی نەداوە.
 
ئەو پاکێجە هاوکارییەی کە دەنگی لەسەر دەدرێت لە ئەیلوولی رابردوو لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل راگەیێندراوە.
 
بەگوتەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: "لە پاکێجی هاوکارییەکەدا بڕی 3.5 ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی جەنگ و بڕی 5.2 ملیار دۆلار بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی تەرخانکراوە".
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، پاکێجە هاوکارییە داراییەکەی ئەمریکا لە بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان، کە بە "گومبەزی ئاسنین" ناسراوە بەکاردەهێنێت.
 
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و لەو رۆژەد حەماس هەزار و 205 کەسی کوشت و 251 کەسی بە بارمتە گرت.
 
ئیسرائیلیش لەوکاتەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێکردووە و بەو هۆیەوە، بەگوتەی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 50 هەزار کەسی لەو کەرتە کوشتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت لەبارەی خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی 'گاڵتە ناکات'

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی ئێن بی سی نیووزی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ بە دووری نازانێت خۆی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێربکاتەوە. پێشتر ترەمپ چەندین جار باسی لەوە ئەگەرە کردبوو.