رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی ئەمساڵدا دوایین کارگەی دروستکردنی جگەرە لە فەرەنسا دادەخرێت، بەهۆی ئەوەی حکومەتی فەرەنسا لە چەند ساڵی رابردوودا قەدەخەی زۆری خستووەتە سەر جگەرە و رێگە بە خەڵک نادات لە شوێنە گشتییەکاندا جگەرە بکێشن.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، بەرپرسانی کارگەی جگەرەی کۆرس دێ تاباک کە دەکەوێتە هەرێمی کۆرسکا لەسەر دەریای نێوەڕاست لە فەرەنسا، رایانگەیاند ئێستا تەنیا 29 کارمەند لە کارگەکە کاردەکەن و هەموویان ئاگادار کراونەتەوە کە لە کۆتایی ئەمساڵدا کارگەکە دادەخرێت.
کارگەکە لە هەشتاکانەوە جگەرە بەرهەمدەهێنێت و لە چەند هەرێمێکی دیکەی فەرەنسا لقی هەبووە، بەڵام ئێستا تەنیا ئەو لقەی کارگەکە جگەرەی تێدا بەرهەمدەهێندرێت.
لە چەند ساڵی رابردوودا، هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا بۆ قەدەخەکردنی جگەرەکێشان لە چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان و رێنماییەکان لەبارەی زیانەکانی جگەرەکێشان بوونە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی فرۆشی جگەرە لەو وڵاتەدا.
تائێستاش، جگەرەکێشان بە هۆکارێکی سەرەکیی مردن لە فەرەنسا دادەندرێت. بەگوێرەی دەزگای تەندروستیی گشتیی فەرەنسا، ساڵانە لەو وڵاتە نزیکەی 75 هەزار کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 1.3 ملیار جگەرەکێش لە جیهاندا هەن، لەو ژمارەیەش 7.8%ـیان ئافرەتن؛ ساڵانەش نزیکەی پێنج تریلیۆن جگەرە لە جیهاندا دەکێشرێن، بەوهۆیەوە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن، هاوکات رێکخراوەکە دەریدەخات، جگەرەکێشان هۆکاری 90٪ـی گیانلەدەستدانە بە شێرپەنجەی سییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ