رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (ئێلیزێ) رایگەیاند، رۆژی دووشەممە سەربازێکیان لە ئۆپەراسیۆنێکی دژی تیرۆردا لە عێراق کوژرا.
ئێلیزێ، ئەمڕۆ (سێشەممە، 29-8-2023) لە راگەیێندراوێکدا گوتی "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، سەرۆککۆمار هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەفسەر نیکۆلاس مازیێر، ئەندامی هێزی کۆماندۆی پەرەشووتڤانی بیست، کە دوێنێ لە عێراق لە کاتی پشتیوانیکردنی تیمەکەی لە هێزێکی عێراقی، لە ئۆپەراسیۆنێکی دژی تیرۆردا کوژراوە."
ئێلیزێ دەشڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا "سەری نەوازش بۆ قوربانیدانی ئەم سەربازە دەچەمێنێت کە لە شەڕدا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا گیانی لەدەستداوە."
سەرۆککۆماری فەرەنسا سەرەخۆشی لە خێزان و ئازیزانی سەربازەکە دەکات و دڵنیایان دەکاتەوە لەوەی، وڵات لەم دۆخە بەئازارەدا لەگەڵ ئەواندایە. هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ ژنان و پیاوانی هێزەکەی و بە تایبەتی ئەو هاوسەنگەرانەی ماتزیێر دەردەبڕێت کە لەگەڵیدا بریندار بوون،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئێلیزێدا هاتووە، "سەرۆککۆمار سڵاو لە بوێریی سەربازانی فەرەنسا لە عێراق دەکات و جەختدەکاتەوە لەوەی شان بەشانی عێراق، فەرەنسا پابەندە بە شەڕی دژی تیرۆر."
نیکۆلاس دەبێتە سێیەمین سەربازی فەرەنسا کە لەماوەی 11 رۆژی رابردوودا لە عێراق گیانلەدەستبدات.
درەنگانی شەوی هەیینی، 18-8-2023، باپتیست گۆشۆت، سەربازێکی فەرەنسی لە کاتی ئەرکێکی مەشقکردندا لەگەڵ هێزەکانی عێراق، تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و برینداربوو، بەهۆی سەختیی برینەکەشییەوە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەک لە هەولێر، گیانی لەدەستدا.
هەروەها رۆژی یەکشەممە 21-8-2023، ئەفسەر نیکۆلا لاتۆرت لە سوپای فەرەنسا لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لە عێراق گیانی لەدەستدا. سێباستیان لوکۆرنۆ، وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژێک دوای گیانلەدەستدانی نیکۆلا لاتۆرت رایگەیاند، ئەو سەربازە مەشقی بە هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە "بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی چۆنیێتیی گیانلەدەستدانی ئاشکرا نەکرد.
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا پشتیوانێکی دیاری هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق بووە.
فەرەنسا 600 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، کە ئەرکی سەرەکییان مەشق و راهێنانە بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، تائێستا مەشقیان بە 10 هەزار پێشمەرگە و سەربازی عێراقی کردووە، لەدوای تێکشکاندنی داعشیش، پاریس 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ