رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا سزا بەسەر کۆڵۆمبیادا نەسەپێنێت، دوای ئەوەی ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور رازی بوو پەناخوازانی دیپۆرتکراو لەلایەن ئەمریکاوە، وەربگرێتەوە.
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دۆناڵد ترەمپ سەرجەم ئەو سزایانەی راگرت کە رۆژی یەکشەممە (26-1-2025) بەسەر کۆلۆمبیادا سەپاندنی.
کارۆلاین لێڤیت گوتی، حکومەتی کۆڵۆمبیا بە سەرجەم داواکارییەکانی ئەمریکا رازی بووە، بێ ئەوەی هیچ مەرجێکی هەبێت، بەتایبەتی وەرگرتنەوەی ئەو پانەخوازانەی لە رێگەی فڕۆکەی سەربازییەوە بۆ کۆلۆمبیا دەنێردرێنەوە.
سزاکانی ترەمپ بۆ سەر کۆڵۆمبیا سەپاندنی باجی گومرگی بوو.
سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی دەڵێت، ئەو سزایانە بە تەواوی رەتناکرێنەوە، بەڵام جێبەجێش ناکرێن تاوەکو بزانن کۆڵۆمبیا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت یان نا.
رۆژی یەکشەممە گۆستاڤۆ پێدرۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا رێگەی نەدا دوو فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بۆگۆتای پایتەختی ئەو وڵاتە بنیشنەوە و ئەو پەناخوازانە وەربگرێتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە دیپۆرتکرابوونەوە، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی مامەڵەی تووند لەگەڵ پەناخوازەکان کراوە و پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ