رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە قوتابخانەیەکی رۆژهەڵاتی هەنگاریا بۆ کۆچبەران نۆژەنبکرێتەوە. ئەوێ 15 کیلۆمەتر لە سنووری نەمساوە دوورە. هێنانی کۆچبەران بۆ ئەو شوێنە ناڕەزایی بەرپرسانی ڤییەنای لێکەوتووەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی بۆگلاند-نەمسا دەڵێت: "لە دیوی هەنگاریاوە کۆچبەران دەهێندرێنە سەر سنوورەکانمان، بە مەش دەتوانن بە ئاسانی بێنە نەمسا و هەرکوێیەک بیانەوێت. ئەمە لەگەڵ بنەماکانی ئەورووپا یەکناگرێتەوە و بە دڵنیاییەوە دژی هەنگاوەکەین."
بەرپرسانی نەمسا دژایەتی خۆیان بۆ بردنی کۆچبەران بۆ سەر سنوورەکانیان بە بەرپرسانی هەنگاریا گەیاندووە.
دژی ئەو هەنگاوەش بە نیازن سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو ناوچەیەی هەنگاریا تەلبەند بکەن و ژمارەی پاسەوانانیش زیاد بکەن.
رۆژی چوارشەممەش وەزیری دەرەوەی هەنگاریا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەشی خواستی رێگریکردنی لە کۆچبەران هەیە.
پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دەڵێت: "یەکێک لەو هۆکارانەی کە وامان لێدەکات هەوڵ بدەین خۆمان لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان بەدوور بگرین، ئەوەیە کە دەمانەوێت رێگری لە دروستبوونی گۆڕستانی زیاتری کۆچبەران بکەین. ئێمە هەموومان بیستوومانە کە ئەگەر ململانێکان لە وڵاتانی جیهان لە نێویاندا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر ببن، پرسی کۆچبەران گوشاری زیاتر دەکاتە سەر کیشوەری ئەوروپا؛ بۆیە ئێمە هیوادارین رەوشەکە هێور بکرێتەوە."
بە گوێرەی نووسینگەی ئاماری نەمسا، پار 194 هەزار و 959 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە لەکاتێکدا پێرار ژمارەکە 261 هەزار و 937 کۆچبەر بوو.
ئەم کەمبوونەوەیە بەشێکی بەهۆی تووندکردنی سنوورەکانی وڵاتەکە بووە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ