سەربازێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن ئاگری لە خۆی بەردا

26-02-2024
تەنیا ئەحمەد
ساتی خۆسووتاندنی سەربازەکە
ساتی خۆسووتاندنی سەربازەکە
نیشانەکردن جەنگی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەربازێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا وەک پاڵپشتییەک، دەچێتە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و بە درووشمی "ئازادی بۆ فەلەستین" ئاگر لەخۆی بەردەدات.
 
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، سەربازێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا وەک ناڕەزایەتییەک بۆ جەنگی غەززە لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن دی سی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
 
ئەو سەربازە پێش ئەوەی خۆی بسووتێنێت، لە تۆڕی ڤیدیۆیی تویچ لایڤێک دەکاتەوە و تێیدا بە جلوبەرگی سەربازی دەردەکەوێت.
 
سەربازەکە دەڵێت، "ناوم ئارۆن بوشنێڵە، ئەندامێکی چالاکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکام. نامەوێت ببمە بەشێک لە جینۆسایدی غەززە."
 
دواتر هەروەک لە لایڤی ڤیدیۆکەی دەردەکەوێت، شلەیەک بەسەر خۆیدا دەکات و گڕ لەخۆی بەردەدات. 
 
ئارۆن لەگەڵ ئاگرلەخۆبەردان، هاوار دەکات و چەند جارێک دەڵێت، "ئازادی بۆ فەلەستین" و دەکەوێتە سەر زەوی. 
 
دوای چەند خولەکێک، چەند پۆلیسێک گەیشتنە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندەوە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی واشنتن رایگەیاند، "پیاوەکە بە برینی سەختەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا."
 
گوتەبێژێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لەبارەی ئەو کەسەوە گوتی، "ئەو، سەربازێکی کارای هێزەکەمان بوو."
 
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هیچ ئەندام و کارمەندێکی ئەوان زیانی بەرنەکەوتووە و ئەو کەسە "نەناسراو" بووە بۆ ئەوان.
 
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە و چەندین خۆپێشاندان لە سەرانسەری جیهان بۆ پاڵپشتیی غەززە و ئیسرائیل بەڕێوەچوون. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە