جیهان
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی قسەکردن بۆ لایەنگرانی لە کۆڵۆمبیا، ویلایەتی کارۆلاینای باشوور لە 24-2-2024، وێنە: WIN MCNAMEE / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە چوارەم سەرکەوتنی لەسەر یەکدا، هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی کارۆلاینای باشووری بردەوە و رایگەیاند، "رۆژی هەڵبژاردنی گشتی، دێینە ئێرە و بە بایدن دەڵێین تۆ دەرکراوی و بڕۆ دەرەوە."
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دوای ئەوەی هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی کارۆلاینای باشووری لە نیکی هەیلیی رکابەری بردەوە، هاتە بەردەم لایەنگرەکانی و گوتی، "رۆژی 5ـی تشرینی دووەم، دێینە ئێرە و سەیری نێو چاوی جۆ بایدن دەکەین و پێی دەڵێین جۆ، تۆ دەرکراوی، لێرە بڕۆ دەرەوە."
ئەمە چوارەم هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان بوو (ئایۆوا، نیو هامشایەر، نیڤادا و کارۆلاینای باشوور)، ترەمپ هەر چواری بردەوە.
ترەمپ لە هەڵبژاردنەکەی کارۆلاینای باشووردا توانی 58.8٪ـی دەنگەکان کە یەکسانە بە 451 هەزار و 905 دەنگ لە نیکی هەیلی بباتەوە کە رێژەی ٪39.5ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
هەیلی پێشووتر حەوت ساڵ حاکمی ئەو ویلایەتە بوو و زۆر هیوای بە سەرکەوتن بوو، بەڵام تەنیا 298 هەزار و 681 دەنگی بەدەستهێنا و دوای ئەوەی زانی شکستیهێناوە رایگەیاند، "تا کۆتایی رێگەکە دەجەنگم."
ترەمپ بە لایەنگرانی گوت، "رۆژی 5ـی نۆڤێمبەر رۆژی هەڵبژاردنە، رۆژی دەرکردنی بایدنە، گرنگترین رۆژی مێژووی وڵاتەکەمانە."
ترەمپ لە گوتارەکەیدا هەروەها گوتی، "هەموو جیهان پێمان پێدەکەنن، دەبێت وڵاتەکەمان دووبارە رێزلێگیراو بێت، بەجۆرێک لە رابردوو نەبینرابێت."
ترەمپ لەو ویلایەتەی ئەمریکا توانی 47 خاڵ کۆبکاتەوە و نیکی هەیلیش 3 خاڵ. ئێستا ترەمپ 110 خاڵی هەیە و پێویستی بە هەزار و 215 خاڵە بۆ ئەوەی وەک بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان هەڵبژێردرێت بۆ هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2024 و بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ترەمپ متمانەی بەخۆی هەیە و هێشتا 46 ویلایەت ماوە.
هەرچی لەبارەی نیکی هەیلییە، 20 خاڵی هەیە، بەڵام وازناهێنێت و گوتی، "ئێمە ویلایەت بە ویلایەت شەڕ دەکەین. لە چوار ویلایەت توانیومانە 20 خاڵ کۆبکەینەوە، بەڵام هێشتا رێگەکە ماوە و ئەوەی پێویستە، دەیکەین تاوەکو بگەینە کۆتایی رێگەکە."
وێستگەی داهاتووی هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان، ویلایەتی میشیگنە کە لە 27ـی ئەم مانگەوە بەڕێوەدەچێت و دووبارە پێشبینیی بردنەوەی ترەمپ دەکرێت.
رۆژی 05-03-2024، کە بە سێشەممەی گەورە (سوپەر تیوزدەی) ناسراوە، رۆژێکی گرنگی ئەمریکایە، تێیدا هەڵبژاردنی بەرایی لە یەک لەسەر سێی ویلایەتەکانی ئەمریکا دەکرێت و ئەوکات بە نزیکەیی بەربژێری سەرەکی لە هەردوو حیزبی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بەدەردەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ