رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.
رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا لە تیرانای پایتەخت لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستا و دایکوباوکی قوتابییان کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی، "بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک بۆ هەمووان رادەگرن و کەس ناتوانێت تیکتۆک بەکاربێنێت".
راگرتنی تیکتۆک لە وڵاتەکە دوای ئەوە دێت، لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ چەند هەرزەکارێک لە سۆشیال میدیا دەبێتە مناقەشەیان، دواتر یەکێکیان دەکوژرێت و یەکێکی دیکەش بریندار دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا راگرتنەکە ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات، ئەمە بەبێ ئاماژەکردن بە رۆژ و مانگێکی دیاریکراو. تاوەکو ئێستاش کۆمپانیاکە هیچی لەو بارەیەوە نەگوتووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەلبانیا، لەنێو هاووڵاتییانی وڵاتەکەدا منداڵان زۆرترین ماوە لەسەر تیکتۆک بەسەر دەبەن. ئەمە دایکان و باوکانی وڵاتەکەی نیگەران کردووە کە لەوانەیە بەشێک لە منداڵان ئەو تووندوتیژی و هەراسانکردنانەی لە تیکتۆک دەیبینن لە قوتابخانەکان دووبارەیان بکەنەوە.
بەگوێرەی گوتەکانی سەرۆکوەزیران، کۆمپانیای تیکتۆک جیاوازی دەکات لەو ڤیدیۆیانەی دەیانخاتە بەردەم منداڵانی وڵاتەکەی و چین. "کۆمپانیاکە لە چین ڤیدیۆی چۆنیەتی وانەخوێندن، هاندانیان بۆ خوێندن و پاراستنی ژینگە دەخاتە بەردەستی منداڵانی چین".
بەشێک لە ئەلبانییەکان بە نیگەرانییەوە لەم هەوڵەی سەرۆکوەزیران دەڕوانن. ئینا ژوپا، ئەندامی پەرلەمانی ئەلبانیا لە پارتی دیموکراتی ئۆپۆزیسیۆن گوتی، "ئەمە بڕیارێکی دیکتاتۆریانەیە بۆ داخستنی تیکتۆک و دژی ئازادی رادەڕبڕین و دیموکراسییە". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە و رێگرییە لە ئازادی رادەڕبڕین لە کاتی هەڵبژاردندا کە بڕیارە 11ـی ئایاری داهاتوودا بکرێت.
تیکتۆک کە ئەپێکی چینییە، چەند وڵاتێک بەکارهێنانیان قەدەخە کردووە، لەوانە، هیندستان، ئێران، ئەفغانستان، نیپاڵ، سۆماڵ و کرگیزیستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ