prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم پەیامیدا وەک وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پیت هێگسەس گوتی، پاڵپشتیی هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان دەکەن و هۆشداری بە دووژمنەکانیان دەدەن.
رۆژی شەممە، 25ـی کانوونی دووەم، پیت هێگسەس، وەزیری نوێی بەرگریی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد، دوای ئەوەی رۆژی هەینی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە پەسند کرا.
پیت هێگسەس رایگەیاند "شانازیی ژیانمە کە پێشڕەوی جەنگاوەرانی وەزارەتی بەرگری بکەم. بەسەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بەرژەوەندیی ئەمریکا دەکەینە خاڵی پێشەنگ و هەرگیزیش ناگەڕێینەوە دواوە."
هێگسەسی تەمەن 44 ساڵ دەڵێت "سەرۆک، ئەرکێکی روونی پێمان سپاردووە، ئەویش بەدەستهێنانی ئاشتییە لە رێگەی هێزەوە. ئەو ئامانجە بە سێ شێواز دەستدەخەین: گەڕاندنەوەی مامەڵەی جەنگەوەرانە، بونیاتنانەوەی سوپاکەمان و رەخساندنی زەوینەی دوورخستنەوەی هەڕەشەکان."
وەزیری نوێی بەرگریی ئەمریکا گوتی "زەوینەی دوورخستنەوەی هەڕەشەکان لە رێگەی بەرگریکردن لە نیشتمان لە زەوی و ئاسمانەوە بەدەستدەهێنین؛ کار لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان بۆ کەمکردنەوەی شەڕانگێزییەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری زەریای هێمن لەلایەن چینی کۆمیونیستەوە دەکەین، پشتگیریی کارە لەپێشینەکانی سەرۆک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان دەکەین. پاڵپشتی لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین و دەبێت دووژمنەکانیشمان ئاگادار بن."
رۆژی هەینی، 50 کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە "بەڵێ" و 50 کەسەکەی دیکە بە "نەخێر" دەنگیان بە هێگسەس دا، بەڵام دواتر بە دەنگی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە، وەک وەزیری بەرگری پەسند کرا.
هێگسەس لە گاردی نیشتمانیی ئەمریکا ئەفسەر بووە و لە ئەفغانستان و عێراق خزمەتی سەربازیی کردووە، لە ساڵی 2014 لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وەک پێشکێشکار دەستبەکاربوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ