رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان، 8 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا کە 6یان منداڵ و دووەکەی دیکەش ئافرەتن.
رۆژی دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024، پاسەوانی دەریایی یۆنانی رایانگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 25.11.2024، بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەر لە باکووری کەناراوەکانی دوورگەی سامۆسی یۆنانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ئیجە ژێرئاو کەوتووە، تیمەکان 40 کۆچبەریان رزگار کردووە.
هەروەها پاسەوانی دەریایی یۆنان ئەوەشیان راگەیاندووە، بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی کۆچبەرانی دیکە کە لەنێو بەلەمەکەدا بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراون.
ئەو رێگەیە یەکێکە لە رێگە قەرەباڵخەکانی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ گەیشتن بە یۆنان بەکاریدەهێنن و بەگوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی یۆنان، چوونی کۆچبەران لەڕێگەی دەریاوە بۆ ئەو وڵاتە 25٪ زیادیکردووە.
لەسەرەتای ئەم مانگە، لەنزیک دوورگەی رۆدیسی یۆنانی، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک، چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. لە مانگی رابردووشدا بەلەمێکی دیکە هەر لەنزیک دوورگەی سامۆس ژێرئاو کەوت و لەئەنجامدا دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و چوار منداڵیش بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتایی ئەمساڵەوە، زیاتر لە 175 هەزار کۆچبەر روویان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە کە زیاتر لە 166 هەزاریان لەرێگەی دەریاوە خۆیان گەیاندووەتە ئەورووپا.
ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە 54 هەزاریان روویان یۆنان کردووە زۆرترینیشیان بۆ ئیتاڵیا بووە کە زیاتر لە 60 هەزار بوون و هەر ئەم ساڵیش، تائێستا دوو هەزار و 214 کۆچبەر لەرێگەی دەریا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ