سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: لە جیهاندا بەشی پێویست ئاشتی نییە و تەنگژە زۆرە

25-09-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن UNGA 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
میرۆسلاڤ لاچاک، سەرۆکی پێشووری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سینان تونچدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرکی راگەیاند: "لیستی کێشە نێودەوڵەتییەکان درێژە، بەڵام من بە ئاشتی دەستپێدەکەم. لە جیهاندا بەشی پێویست ئاشتی نییە و تەنگژە زۆرە، گوتاری یەکەمی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیش بە روونی باسی غەززە، ئۆکراینا و سوودانی کرد."
 
لاچاک بۆ بەشداریکردن لە 79یەمین گەڕی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو. ئەو گوتی، پرسی دیکەش هەن وەک نایەکسانی، گەرمبوونی جیهان، شکستهێنان لە ئامانجەکانی پەرەپێدان و گفتوگۆکانی پاریسی تایبەت بە کەشوهەوا. ئەم کێشانە بە روونی لە گوتارەکەی سکرتێری گشتی و سەرۆکی ئەمریکاش باسیان لێوەکرا.
 
سینان تونچدەمیر، پەیامنێری رووداو پرسی، پێتوایە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لە بنیادنانی ئاشتی لە جیهاندا بەجێهێناوە؟
 
لە وەڵامدا گوتی: "ئێوە ناتوانن رەخنە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگرن، ئێمە نەتەوە یەکگرتووەکانمان دامەزراند، بەڵام دەبێت رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدرێت کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بەشێکی ئەمە بێگومان بریتییە لە نوێکردنەوە پەیکەری نەتەوە یەکگرتووەکان."
 
لاچاک رەخنەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوەکە گرت و گوتی، پێکهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە بە روونی ئەوە پیشاندەدات ناتوانێت چیدیکە وەڵامی کێشە راستەقینەکانی جیهان بداتەوە، پێویستە ئەمە و چەندین کێشەی دیکە چارەسەر بکرێن. 
 
هەرچەندە سینان تونچدەمیر پرسی کوردی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لێ پرسی، میرۆسلاڤ وەڵامەکەی خۆی سنووردار کرد و گوتی: "ئەوەی من بڕوام پێیەتی ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بە دیالۆگ هەیە، پێویستە کێشەکان چارەسەر بکەین، دەبێت رێز لە یاساکان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرین، ئەگەر بە مێشکێکی کراوە بیربکەینەوە، دەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەموو پرسەکان بکەین."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و میرۆسلاڤ لاچاک، سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: دەتوانی پێمان بڵێیت کۆبوونەوەکان چۆن بەڕێوەدەچن؟
 
میرۆسلاڤ لاچاک: هێشتا زۆر زووە قسەبکەم، بێگومان ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دیبەیتی گشتییە، بەڵام بێگومان ئەوە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ئەوەی هەموو جیهان لەگەڵ یەک کۆببنەوە، هەموو سەرکردەکان باسی پرس و گرفتەکانی خۆیان بکەن. دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەی پەراوێزەکان لە پشتەوە هێندەی گوتارەکانی ژوورەوە گرنگن. لێرە هەموو کەسێک لیستێکی درێژی کۆبوونەوەی هەیە، ئەمە ئەو شتەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت کردووە.
 
رووداو: لە روانگەی تۆوە، گرنگترین کێشە نێودەوڵەتییەکان چین؟
 
میرۆسلاڤ لاچاک: بەداخەوە لیستەکە درێژە، بەڵام من بە ئاشتی دەستپێدەکەم. لە جیهاندا بەشی پێویست ئاشتی نییە و تەنگژە زۆرە، گوتاری یەکەمیش بە روونی باسی غەززە، ئۆکراینا و سوودانی کرد. پرسی دیکەش هەن وەک نایەکسانی، گەرمبوونی جیهان، شکستهێنان لە ئامانجەکانی پەرەپێدان و گفتوگۆکانی پاریسی تایبەت بە کەشوهەوا. ئەم کێشانە بە روونی لە گوتارەکەی سکرتێری گشتی و سەرۆکی ئەمریکاش باسیان لێوەکرا.
 
رووداو: پێتوایە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لە بنیادنانی ئاشتی لە جیهاندا بەجێهێناوە؟
 
میرۆسلاڤ لاچاک: نەتەوە یەکگرتووەکان بەشی ئەوەندە بەهێزە کە ئەندامەکانی ویستوویانە بەهێزبێت. من هەمیشە بەرگریی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم، شەرەفی ئەوەم هەبوو وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی خزمەت بکەم. من دەڵێم، ئێوە ناتوانن رەخنە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگرن، ئێمە نەتەوە یەکگرتووەکانمان دامەزراند، بەڵام دەبێت رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدرێت کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بەشێکی ئەمە بێگومان بریتییە لە نوێکردنەوە پەیکەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو پەیکەرەی کە 80 ساڵ لەمەوبەر دامەزرا. لەلایەکی دیکە کێشەی پێکهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە بە روونی ئەوە پیشاندەدات ناتوانێت چیدیکە وەڵامی واقیعیاتەکانی [کێشە راستەقینەکانی] جیهان بداتەوە، پێویستە ئەمە و چەندین کێشەی دیکە چارەسەر بکرێن. ئەگەر ئێمە نەتەوە یەکگرتووەکانمان نەبووایە، دەبوو ئێوە نەتەوە یەکگرتووەکان دابهێنن، کەواتە بە سانایی ئێمە پێویستیمان بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.
 
رووداو: دوایین پرسیار، چیت لەسەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە؟
 
میرۆسلاڤ لاچاک: من وەڵامەکەم بەمجۆرە سنووردار دەکەم، ئەوەی من بڕوام پێیەتی ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بە دیالۆگ هەیە، پێویستە کێشەکان چارەسەر بکەین، دەبێت رێز لە یاساکان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرین، ئەگەر بە مێشکێکی کراوە بیربکەینەوە، دەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەموو پرسەکان بکەین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەگەڵ گەیشتنی زریانەکە، شەپۆلی بەهێزی دەریا بەر کەناراوەکانی فلۆدیدا دەکەون. وێنە: AFP

زریانی هێلین هەڕەشە لە فلۆریدای ئەمریکا دەکات

ناوەندنی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، زریانی هێلین ئێستا گەیشتووەتە ئاستی سێیەم لە پلەبەندی بەهێزیی زریانەکان و هۆشداریشیدا خێرایی با گەیشتووەتە 120 میل لە کاژێرێکدا.