رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی بەشداربوو لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا (کۆپ29) لە دواڕۆژی کۆنفرانسەکەدا لەسەر رەشنووسی هاوکاریکردنی وڵاتانی هەژار رێککەوتن؛ بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت وڵاتانی پێشکەوتوو ساڵانە 300 ملیار دۆلار دابین بکەن، بەڵام وڵاتانی تازەگەشەسەندوو بەو رێککەوتنە رازی نین.
رۆژی شەممە، 23ـی تشیرنی یەکەمی 2024، وڵاتانی بەشدار لە 29ـیەمین کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان، رێککەوتن لەسەر ئەوەی وڵاتانی دەوڵەمەند و پێشکەوتوو، ساڵانە 300 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی کەمدەرامەت و هەژار دابین بکەن، تاوەکو بتوانن رووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، لە یەکەم رەشنووسی رێککەوتنەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای یەک تریلیۆن دۆلاری کردبوو.
لە دوا رۆژی کۆنفرانسەکەدا، کە 11 رۆژی خایاند، ئەو وڵاتانەی لەگەڵ رێککەوتنەکە بوون بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لە راگەیاندنی کرد، بەڵام هەندێک وڵات رەخنەی تووندیان لە وڵاتانی دەوڵەمەند گرت بەوەی هەنگاوی جیدیان نەهاویشتووە بۆ زیادکردنی بڕی هاوکارییەکە. لە هەمانکاتدا رەخنەی تووندیشیان ئاراستەی ئازەربایجان کرد، وەک وڵاتی سەرپەرشتیاری لووتکەکە، بەوەی تەنیا لەبەرئەوەی بڵێن لە وڵاتەکەیان رێککەوتن کراوە، بەپەلە واژۆی لەسەر رێککەوتنەکە کردووە.
چاندانی رەینا، سەرۆکی شاندی هیندستان لە کۆپ29ـەوە رایگەیاند "بەداخەوە دەیڵێم، ئەم رێککەوتنە جگە لە هەنگاوێکی رووکەش، هیچی دیکە نییە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەمە ئەو رێککەوتنە نییە کە چارەسەر بێت بۆ ئەو ئاڵنگارییە گەورەیەی رووبەڕووی دەبینەوە، بۆیە ئێمە دژی پەسندکردنین."
لە هەمان کاتدا، سایمۆ ستێڵ، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا، دانی بەوەدانا گفتوگۆکان ئاسان نەبوون، بەڵام ستایشی وڵاتانی کرد بەوەی گەیشتوونەتە رێککەوتن، ئەو هەنگاوەشی بە هەنگاوێکی دڵنیاکەرەوە پێناسە کرد لەدژی گەرمبوونی گۆی زەوی.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی "رێگەیەکی زەحمەت بوو، بەڵام لەکۆتاییدا توانیمان رێکبکەوین، ئەم رێککەوتنە پەرە بە بەکارهێنانی وزەی پاک دەدات، بەمەش گیانی ملیۆنان خەڵک دەپارێزێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم ئەو رێککەوتنە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت، کە هەموو پارەکە بدرێت و لەکاتی خۆشیدا بدرێت."
بەگوێری رێککەوتنەکە، هەتاوەکو ساڵی 2035، دەبێت وڵاتانی پێشکەتوو کە بە وڵاتانی پیشەسازی ناسراون و بەرپرسیارن لە دەردانی 77٪ـی گازە زیانبەخشەکان بۆ نێو هەوا، ساڵانە 300 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی هەژار دابین بکەن، ئەمەش لە رێککەوتنەکەی رابردوو زۆر زیاتر بوو، کە ساڵانە 100 ملیار دۆلار بووە.
لە پاش راگەیاندنی رێککەوتنەکە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، ستایشی رێککەوتنەکەی کرد و رایگەیاند "لەکاتێکدا هێشتا کار زۆر ماوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان لەپرسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەودا بکرێن، بەڵام پێشهاتەکەی ئەمڕۆ هەنگاوێک لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە نزیکترمان دەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ