ئەمریکا داوای دەستبەجێ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات

24-11-2022
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
رووداو - واشنتن

‎وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوای دەستبەجێ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، "ئەو هێرشانە هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە خستووەتە مەترسییەوە."

پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا کە درەنگانی رۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە قوڵی نیگەرانی ئەو کردارانەیە کە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لە باکووری سووریا و عێراق و هەروەها لە تورکیاش. ئەم ئاڵۆزبوونە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر بەرەوپێشچوونەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستهاتوون لە لاوازکردن و تێکشکاندنی داعش."

‎گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە، هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر سووریا بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر کەسایەتی و هێزەکانی ئەمریکا کە لە سووریان و لەگەڵ هاوبەشە لۆکاڵییەکانیان بۆ تێکشکاندنی داعش و هێشتنەوەی زیاتر لە 10 هەزار زیندانیی داعش لە ناوچەکە کار دەکەن.

بە گوتەی پاتریک رایدەر، "هێرشی سەربازیی ناهاوئاهەنگیش بوونەتە هەڕەشە لەسەر سەروەریی عێراق." هاوکات داوای دەستبەجێ وەستاندنی هێرشەکان دەکات و دەڵێت، "کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان پێویستە تاوەکو سەرنجەکان لەسەر شەڕی داعش بمێنن و دڵنیابین لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەو کەسانەی لەسەر زەوی پابەندن بە تێکشکاندنی داعش."

رایدەر سەرکۆنەی کوژرانی مەدەنییەکان لە تورکیا و لە سووریا دەکات کە بەهۆی ئەم ئاڵۆزیانەوە بوونەتە قوربانی و سەرەخۆشی لە کەسوکاریان دەکات، ئەوەیشی خستووەتەڕوو، "بە قووڵی نیگەرانین لەو راپۆرتانەی باس لە بەئەنقەست بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان دەکەن."

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە، هەروەها دەشڵێت، "بە نیگەرانییە شەرعییەکانی تورکیاش دەزانین و بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیا و هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان تاوەکو درێژە بە ئاگربەستەکەیان بدەن."
 
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ - شمشێر راگەیاند و هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەستپێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە