رووداو دیجیتاڵ
کەمپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، تۆمەتدۆحی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا دەداتە پاڵ پارتی کاری بەریتانیا کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە سەرۆکیەتی. ئەمە دوای ئەوە دێت کە خۆبەخشانی ئەو پارتە بۆ یارمەتیدانی کەمپەینی هەڵبژاردنی کەمالا هاریس چوونە ئەمریکا.
پێشتر، سۆفیا پاتێل، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارتی کاری بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لینکتن نووسیبووی، "نزیکەی 100 کەس لە ستافی پێشوو و ئێستای پارتی کاری بەریتانیا، دەچنە ئەمریکا."
پاتێل نووسیبووی، ئامانجی چوونی ستافی پارتەکەی بۆ یارمەتیدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کەمالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئێستا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکایە.
کەمپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، لە کۆمیسیۆنی فیدراڵیی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا سکاڵای لەدژی هەنگاوەکەی پارتی کاری بەریتانیا تۆمارکردووە.
کەمپەینی ترەمپ داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ دەکات و دەڵێت، "دەستێوەردانی نایاسایی دیاری بیانی لەلایەن پارتی کاری بەریتانیاوە کراوە و لەلایەن هاریسەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا قبووڵکراوە."
کەمپەینی ترەمپ دەڵێت، "ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکانی ئێمە بەدوای دەستوەردانی دەرەکیدا دەگەڕێن، پێویست ناکات لەو پۆستەی (لینکتن) زیاتر بگەڕێن."
کەمپەینەکە هەروەها دەڵێت، "دەستوەردانەکە بەڕوونی دیارە."
کییەر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا کە لەهەمان کاتدا سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیە رایگەیاند، خۆبەخشانی پارتەکەی لە هەموو هەڵبژاردنێکی بەریتانیا بەشدارییان کردووە. هەروەها لەو باوەڕەدا نییە ئەو پێشهاتانە ببنە هۆی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان خۆی و ترەمپ.
ستارمەر لەبارەی چوونی ستافی پارتەکەی بۆ ئەمریکا رایگەیاند، "هەمان ئەو شتەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا کردوویانە، لەم هەڵبژاردنەشدا دەیکەن."
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، 5ـی کانونی دووەمی 2024 بەڕێوەدەچێت. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کەمالا هاریس بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
بەگوێرەی دوایین راپرسی کە دوێنێ سێشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، کامالا هاریس 46٪ـی دەنگەکان و دۆناڵد ترەمپ 43٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
هاریس بە دەرچوونی، دەبێتە یەکەم ئافرەت ئەو پۆستە وەرگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ