سەرۆکی نوێی کەتەلۆنیا بەڵێن دەدات بەردەوامی بە خەباتی سەربەخۆیی بدات

22-05-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێرێ ئەراگۆنانس وەکو سەرۆکی نوێی کەتەلۆنیا یەکەمین گوتاری خۆی لە پەرلەمانی هەرێمە ئیسپانییەکە پێشکێشدەکات. بەڵێنی ئەوە دەدات کە بەردەوام بێت لە خەبات بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا.
 
سەرەڕای ئەوەی دوو سەرۆکی پێش ئەراگۆنانس، بەهۆی هەوڵەکانی سەربەخۆیی، لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە ناچارکراون پۆستەکەیان جێبهێڵن، بەڵام ئەم سەرۆکە سەربەخۆخوازە بەڵێندەدات بەردەوامی بە خەباتی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بدات. 
 
لە گوتارەکەیدا پێرێ ئەراگۆنانس، سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا رایگەیاند، "ئەم حکومەتە ئامانجی ئەوە دەبێت کە سەربەخۆیی بۆ کەتەلۆنیا بەدەستبهێنێت، ئەوەش لە رێگەی ئەو ئامرازانەی کە لەبەردەستماندان، لەنێویشیاندا لە رێگەی گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێیەکە."
 
یواکیم تۆرا، سەرۆکی پێشووی کەتەلۆنیا، بەهۆی لانەبردنی هێماکانی سەربەخۆیی لە کۆشکی سەرۆکایەتی، لەلایەن دادگەی باڵای ئیسپانیاوە زیندانیکرا. 
 
کارلس پوژدیمۆنت سەرۆکی پێشووتریش لە دوای گشتپرسییەکەی ساڵی 2017ـەوە لە ئیسپانیا نەماوە و ئێستا لە بەلجیکایە. سەرۆکی نوێ بەڵێن بە خەڵکی کەتەلۆنیا دەدات، لەسەر رێبازی ئەوان بەردەوام بێت. 
 
سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا دەڵێت، "بەڵێن دەدەم کە پۆستی سەرۆکایەتیی کەتەلۆنیا بە خاکیبوونەوە بەکاربهێنم و بە حەزێکی زۆرەوە کار بکەم، هەروەها دەستی دیموکراسی درێژبکەم و بە گیانی خزمەتکردن و بە رێزگرتن لە بەهاکان، هەمیشە لە خزمەتی خەڵکی کەتەلۆنیادا دەبم."
 
لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی شوباتی ئەمساڵ، ئێستا سێ پارتی سەربەخۆخوازی کەتەلۆنیا لە کۆی 135 کورسیی پەرلەمان، 74کورسییان بەدەستەوەیە. 
 
هەرسێ پارتەکە، ناکۆکییە سیاسیەکانیان بەلاوەنا و ئەراگۆنانسیان بە سەرۆکی نوێ هەڵبژارد بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانی سەربەخۆیی سەرکردایەتییان بکات. 
 
بەڵام حکومەتی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتیی پێدرۆ سانچێزی سۆشیالیست جەخت لەوە دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە جیابوونەوەی هیچ پارچەیەک لە خاکی وڵاتەکەی قبووڵ بکات و سەربەخۆیی وەربگرێت و دەڵێت، ئەوەی کەتەلۆنییەکان دەیکەن دژی دەستووری ئیسپانیایە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا