رووداو دیجیتاڵ
حوسێن ئایدن، خەڵکی باکووری کوردستانە، باوکی لە ساڵانی 1960 چووەتە ئەڵمانیا. ئەو کاتە حوسێن هێشتا نەببووە 10 ساڵ، بەڵام زوو دەچێتە نێو سەندیکاکان و کار بۆ مافی کرێکاران دەکات.
جیابوونەوەی ژمارەیەکی زۆری سەرکردەی پارتە چەپڕۆکان، وایکردووە حوسێن دووبارە بچێتەوە نێو سیاسەت و ئێستاش بەربژێرە بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا.
حوسێن ئایدن، باس لەوە دەکات، "ئێمە ساڵی پار دابەشبوونمان هەبوو لەنێو پارتی چەپ. گرووپێک لە دەوروبەری سارا ڤاگنکنێشت پارتەکەیان جێهێشت. لە ئەنجامدا حیزبەکەم زۆر بریندار و لاواز بوو. وەک کەسێک کە یارمەتی بنیاتنانی چەپ و بەهێزکردنی داوە، نەمتوانی بە ئاسانی بەردەوام بم لە چاودێریکردنی پەرەسەندنەکان لە دەرەوە. من لە دڵی خۆمدا گوتم، تۆ دەبێت ئێستا دووبارە چالاک بیت، دەبێت دووبارە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگریت."
دەستپێکی ژیانی حوسێن لە پارتی سۆسیال دیموکرات دەبێت. دواتر لە ساڵی 2005 لە پارتەکە جیادەبێتەوە و دەست بە دامەزراندنی بەرەیەکی چەپ دەکات و دواتریش لە ساڵی 2007 دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی چەپ. پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو کەسانەی داهاتیان کەمە، پرسی سەرەکی حوسێنە بۆ هەڵبژاردن.
حوسێن ئایدن، لەبارەی پرسی سەرەکی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردن باس لەوە دەکات، "بە پێچەوانەی هەموو پارتەکانی دیکە، ئێمە جەختمان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان کردووەتەوە وەک داهات. پیشەسازییەکی بەهێزمان لە ئەڵمانیا هەیە. نزیکەی 40 ملیۆن کەس کار دەکەن، بەڵام زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بە ناجێگیری کار دەکەن. واتە ئەوان تەنها کۆنتراکتی کاتیان هەیە. ئەوان تەنها نیو ڕۆژ یان چەند کاتژمێرێک کاریان هەیە. یان بە شێوەیەکی کاتی یان وەک کرێکارێکی کاتی.
لە ساڵانی 2005 بۆ 2009، حوسێن ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی بوو. باپیرەکەی یەکێک بووە لە دیاترین کەسایەتییەکانی دێرسم و لەگەڵ سەید رەزا لەسەر پرسی کورد گیانیان سپاردووە. ئێستا حوسێن هەم گومانی لە دانووستاندنەکانی باکووری کوردستان هەیە و هەمیش هیوای پێ هەیە.
حوسێن ئایدن، لەبارەی دانوستاندنەکانی باکووری کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "من خۆم لە دێرسمەوە هاتووم. باپیرم لە ساڵی 1938 کوژرا، وەک دەیان هەزار کەس لەو کاتەدا، چونکە تورک نەبوون. من لەو باوەڕەدام کە بە سیاسەتەکانمان و لەبەر ئەوەی منیش ئەزموونێکی ئەوتۆم هەیە، دەبێت یارمەتیدەر بین لەوەی شتێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە. پێشوازی له گفتوگۆکانی ئێستای تورکیا ده کەین له لایەن حکومەت لەگەڵ کورد بۆ تاوتوێکردنی پێکەوە ژیانی ئاشتییانه پێکەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا خەمبارین و دەبینین دەوڵەتی تورکیا چۆن سەرۆک شارەوانییەکانی شارە کوردییەکان لەکار لادەدات و بەم شێوەیە دووبارە دووبەرەکی دەکات."
پارتەکەی حوسێن هەلی ئەوەی هەیە بەربەستی 5٪ تێبپەڕێنێت و پارتێکی بچووک دروست بکەن، بەڵام شانسی حوسێن هەندێک کەمترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ