سێ شاری کوردستان لە پێشەوەی لیستی دێرینترین شارەکانی جیهانن

21-11-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێ شاری کوردستان لە ریزبەندی پێشەوەی کۆنترین شارە ئاوەدانەکانی جیهانن، ئەمە بە گوێرەی لیستێک کە لەلایەن گۆڤاری (سی ئی ئۆ)ی ئەمریکییەوە ئامادەکراوە.
 
بە گوێرەی ئەو گۆڤارە کە یەکێکە لە گەورەترینەکانی بواری بزنس، رووپێوی و ریزبەندییەکان، شارەکانی هەولێر چوارەمین، دیلۆک چواردەیەمین و کەرکووکیش بیستەم کۆنترین شاری جیهانن. 
 
لە بارەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە کە 6 هەزار ساڵ پێش زایین بونیادنراوە، گۆڤارەکە دەڵێت: "قەڵایەکی بەرز کە لە دڵی هەولێری سەردەمدایە، لەسەر گردێکی شوێنەواری کۆن دروستکراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی پێنجەمی پێش زایین، چیرۆکی مێژووی ئەربێلا (هەولێری دێرین)مان بۆ دەگێڕێتەوە. هەولێر کە بەژێر داگیرکاریی ئاشووری، سەلجوقی و عوسمانییەکاندا تێپەڕیوە، بەڵگەیەکە لەسەر فرەڕەنگیی نەتەوەیی و ئایینی، کە ئاشووری، ئەرمەنی، عەرەب، کورد و تورکە عێراقییەکان لەباوەش دەگرێت."
 

دیلۆکی باکووری کوردستان، کە سێ هەزار و 650 ساڵ پێش زایین دروستکراوە، ئێستا "بە مزگەوتە مێژووییەکانی، کۆشکێکی مێژوویی و قەڵایێکی دێرینەوە شانازی بەخۆیەوە دەکات. لە بەرەبەیانی چەرخی بڕۆنزییەوە مرۆڤ لە دیلۆک نیشتەجێبووە." 

 

گۆڤارەکە هەروەها لە بارەی دیلۆکەوە نووسیویەتی: "پێشتر کە لە ژێر کۆنترۆلی ئەرمینیای سیسیلیدا بووە، شارەکە بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ کۆمەڵگە و کولتووری ئەرمەنیی پەناداوە، تا رووداوە تراژیدییەکانی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە سەرەتای سەتەی بیستەم."
 

کەرکووکی باشووری کوردستان کە دوو هەزار و 200 ساڵ پێش زایین بونیادنراوە، وەک گۆڤارەکە ئاماژەی پێدەکات، "جاران شاری ئەرەپخای ئەکەدی و ئاشوورییەکان بووە. قەڵا دیوارکراوەکەی هێشتا بەسەر ئاسۆدا زاڵە، پارێزگاری لە کەنیسەیەک دەکات کە چەندین مۆزایک و گۆڕێکی تێدایە کە هەندێ کەس بڕوایان وایە گۆری دانیال، پەیامبەری جوو بێت."
 

شارەکانی دیکەشی نێو لیستەکە، زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریای نێوەڕاستن. 
 
مێژووی دەوڵەمەند و ئاڵۆزی ئەوروپای دەریای نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی گەڕان و کۆچی چەندین سەتەی مرۆڤە، کە سەرهەڵدان و رووخانی زۆر ئیمپراتۆریەتی بەخۆیەوە بینیوە. ئەو خاکەی کە ئەو ئیمپراتۆریەتانە لەسەری لەدایکبوون، تا ئێستاش جێپەنجەی نەسڕاوەی میراتەکەیانی لەسەر ماوە. ئەو شارانەی لەم ناوچانەدا هەن، شایەتحاڵی سەردەمی ئاشووری، بابلی، فارس، رۆم، عەرەب، عوسمانی و ئەوانی دیکە بوون و هەریەکەیان شوێنپەنجەی تایبەتی خۆیان لەسەر زەوی و ئەو گەلانەش بەجێهێشتووە کە لەدوایانەوە هاتوون.
 
زۆربەی ئەو شارانە، سەرەڕای گۆڕینی فەرمانڕەواکانیان، بەردەوام بە ئاوەدانی ماونەتەوە. ئەم شارانە کە دەکەونە سەر رێگە بازرگانییەکان، هەندێکیان لە کەناراوەکان و هەندێکی دیکەیان لە نێوەڕاستی شاخ یان بیابانەکان، بەرگەی تاقیکردنەوەی کاتیان گرتووە. زۆربەیان دەکەونە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە شوێنی لەدایکبوونی کشتوکاڵ و لانکەی ئەو شارستانییەتانە بووە کە لە سەردەمی بەردینی نوێدا گەشەیان کردووە.
 
هەندێ لە شارەکان کە لە لایەن فینیقییەکانەوە دامەزراون، کە گەلەێکی سامیی زمانی ناوچەی شام بوون، سەدە لە دوای سەدە لە بەرامبەر داگیرکاری و بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتیدا خۆڕاگر بوون. هەندێکیان شێوازی شارستانی رەسەنی هێلینیکی خۆیان پاراستووە، کە وردەکاریی  رابردوومان پێشاندەدەنەوە. لە تەلارە هاوچەرخەکانیاندا، پاشماوەی بیناسازیی کۆن ماوەتەوە، قەڵا مێژووییەکان، کانی، پەرستگە، گەرماو و قەڵاکانی ئەو شارانە چیرۆکی میراتێکی دەوڵەمەند و لەیادنەکراومان بۆ دەگێڕنەوە.
 
گۆڤارەکە 26 شاری بە گوێرەی مێژووی دامەزراندنیان بەم جۆرە ریزکردووە:
 
1- ئەریحا، کەرتی رۆژئاوا (فەلەستین)
 
11،000 - 9،300 پ.ز
 
2- دیمەشق، سووریا 
10،000 - 8،000 پ.ز
 
3- رەیشار، تاران، ئێران
6،000 پ.ز
 
4- هەولێر، [هەرێمی کوردستانی] عێراق
6،000 پ.ز
 
5- حەلەب، سووریا
6،000 - 5،000 پ.ز
 
6- ئیستەنبووڵ، تورکیا
5،500 - 3،500 پ.ز
 
7- فەیوم، میسر
5،000 پ.ز
 
8- ئەسینا، یۆنان
5،000 پ.ز
 
9- جبەیل (بیبلۆس)، لوبنان
5،000 پ.ز
 
10- شووش، ئێران
5،000 - 4،000 پ.ز
 
11-  ئۆرشەلیم (قودس)، ناوچەی شام
4،500 - 3،400 پ.ز
 
12- پلۆدیڤ، بولگاریا
4،000 پ.ز 
 
13- سەیدا، لوبنان
4،000 پ.ز 
 
14- گازیعەنتاب، تورکیا (دیلۆک، باکووری کوردستان)
3،500 پ.ز
 
15- دەلهی، هیندستان
3،500 پ.ز 
 
16- ئەقسەر، میسر
3،200 پ.ز
 
17- ئارگۆس، یۆنان
3،000 پ.ز
 
18- بەیرووت، لوبنان 
3،000 پ.ز
 
19. سوور، لوبنان
2،750 پ.ز
 
20- کەرکوک، عێراق (باشووری کوردستان)
2،200 پ.ز
 
21- لویانگ، چین
2،000 پ.ز
 
22- بەڵخ، ئەفغانستان
1،500 پ.ز
 
23- سیفا، یۆنان
1،400 پ.ز
 
24-  لارنکا، قوبرس
1،400 پ.ز
 
25- کادیز، ئیسپانیا
1،100 پ.ز
 
26- ڤاراناسی، هیندستان
1،000 پ.ز

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادنەکرێن، حەماس 'بە دۆزەخ باجەکەی دەدات'

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەڕەشەی تووند لە حەماسی فەلەستینی دەکات و داوای لێدەکات، پێش رۆژی سوێندخواردنی کە دەکاتە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات ئەگەرنا، "بە دۆزەخ باجەکەی دەدەن."