رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رایدەگەیێنێت، بەشداری لە لووتکەی ئاشتی ئۆکراینا دا ناکات. ئەوە لە کاتێکدایە سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندبوو کە ئەم جارەیان بانگهێشتی نوێنەرانی مۆسکۆ بۆ لووتکەکە دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 21-9-2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: "لووتکەکە هەمان ئامانجی دەبێت، ئەویش بەرزکردنەوەی هاوکێشەکەی زیلینسکییە وەکو تاکە بنەما بۆ چارەسەرکردنی ململانێیەکە، پشتگیریی زۆرینەی جیهان بەدەستبهێنێت و لەبری رووسیا دوایین ئاگادارکردنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە رادەستی رووسیا بکات."
رۆژی 15-6-2024، یەکەم لووتکەی ئاشتیی ئۆکراینا، بەئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان هەردوو وڵات لە سویسرا بەڕێوەچوو.
لە لووتکەکەدا جگە لە رووسیا و چین، هەر یەک لە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا؛ سەرکردەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و چەندین وڵاتی دیکە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لەنێویاندا، هیندستان، تورکیا و هەنگاریا بەشدارییان کرد.
لە لووتکەکەدا کیێڤ پێشنیازی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێشکێشی ئامادەبووان کرد، کە بریتیبوو لە کشانەوەی سوپای رووسیا لەو ناوچانەی کە لەدوای جەنگەکەوە بەخۆیەوە لکاندبوونی.
هەروەها لە لووتکەکەدا بە واژۆی 81 بەشداربوو بەیاننامەیەک مۆرکرا، تێیدا باسی سێ خاڵی سەرەکی کرابوو، لەنێویاندا هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا، گەڕاندنەوەی منداڵە ئۆکراینییەکان و هەروەها پاراستنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکراینا.
رۆژی 14-6-2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و راگەیاندنی ئاشتی ئەوەیە، ئۆکراینا واز لە ئاواتەکانی ناتۆ بهێنێت و هەر چوار پارێزگای خارکیڤ، دۆنێتسک، لوهانسک و خێرسۆن رادەستی رووسیا بکات.
لەدوای پێشنیازەکەی پووتین، ئەڵمانیا و وڵاتانی رۆژئاوا، دەستبەجێ داواکارییەکەی پووتینیان رەتکردەوە. ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەنز وەڵامی دایەوە و گوتی: "پێشنیازەکەی رووسیا جیدی نەبووە."
هەروەها لە لووتکەکەدا ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، هۆشداری دا لە هەر رێککەوتنێک کە تێیدا رووسیا لەنێو خاکی ئۆکراینا بمێنێتەوە.
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا نزیکەی لە دوو ساڵ و نیوە بەردەوامە. ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەسەرەتای جەنگەکەوە پاڵپشتی دارایی و سەربازیی ئۆکراینایان کردووە. کیێڤ داوا دەکات ئەمریکا و هاوپەیمانانی رێگەی بدەن بە چەکی ئەوان هێرشبکاتە سەر قووڵایی خاکی رووسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ