بیتکۆین 70%ی بەهاکەی لەدەستدەدات

21-06-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شارەزایەکی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، لە ئەمساڵدا بەهۆی هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، دراوی ئەلیکترۆنیی بیتکۆین نزیکەی 70%ی بەهاکەی لەدەستداوە و "ئەگەری دابەزینی زیاتریشی هەیە."
 
ئیڤان دووبەردانی، شارەزای ئابووریی نێودەوڵەتی و دراوە ئەلیکترۆنییەکان لەبارەی لەدەستدانی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکانەوە، بەتایبەت دراوی بیتکۆین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دابەزینی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان و لەنێویاندا بیتکۆین لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە زۆرتر بووە، ئەوەش بەهۆی زیادکردنی نرخی سووی بانک. بازاڕەکانی دراوە ئەلیکترۆنییەکانیش تەواو کاریگەر بوون کە دوای ئەوەی بانکی فیدراڵی سوودی بەرزکردەوە، بەهای یەک بیتکۆین بۆ کەمتر لە 40 هەزار دۆلار دابەزی، لە کاتێکدا پێشتر نرخەکەی لە 50 هەزار دۆلار نزیک بوو."
 
بەپێی ئاماری کۆین شێرس، کۆمپانیای سەرمایەی دیجیتاڵی لە هەفتەی رابردوودا وەبەرهێنەران بە بڕی 102 ملیۆن دۆلار سەرمایەکانیان لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان کشاندووەتەوە، هۆکارەکەشی پێشبینیی ئەو وەبەرهێنەرانەیە لە گرتنەبەری سیاسەتی دارایی تووندتر لەلایەن بانکی ناوەندیی وڵاتانی جیهانەوە.
 
هاوکات بەپێی ئاماری کۆین مارکێت کاپ، کە تایبەتە بە ئامارەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان، بەهای بازاڕی جیهانیی دراوە دیجیتاڵییەکان بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021 بە رێژەی 70% و بۆ 900 ملیار دۆلار دابەزیوە. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـدا کۆی بەهای بازاڕی جیهانیی دراوە دیجیتاڵییەکان گەیشتە دوو تریلیۆن و 970 ملیار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی ئەو دراوانەیە تۆمارکرابێت. هەر لەو مانگەدا بیتکۆین گەیشتە ترۆپکی بەهای خۆی و هەر بیتکۆینێک بە نزیکەی 69 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەو شارەزایەی ئابووریی نێودەوڵەتی و دراوە ئەلیکترۆنییەکان گوتیشی، "بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو وڵاتەی ناچار بە بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی کردووە و ئێستا هەڵاوسان گەیشتووەتە 8.6%، کە لە چوار دەیەی رابردوودا بێوێنە بووە و پێشبینی دەکرێت بگاتە 9%یش. ئەوەیش کاریگەریی لەسەر بازاڕە داراییەکان و بیتکۆین دەبێت."
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە رێژەی 0.75% و، رۆژی پێنجشەممەش بانکی ناوەندیی بەریتانیا رێژەی 0.25% نرخی سوودی بانکییان بەرزکردەوە. ئەوەش ترسی زۆری لای وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان دروستکردووە. ئەو شارەزایەی ئابووریی نێودەوڵەتی و دراوە دیجیتاڵییەکان باسی لەوەش کرد، ئەوە زۆر کاریگەریی کردە سەر بیتکۆین و بۆ خوار 20 هەزار دۆلار دابەزی، "ئەمە زۆرترین دابەزین بوو لە 18 مانگی رابردوودا، بۆیە پێشبینی دەکرێت دراوە ئەلیکترۆنییەکان و بەتایبەت بیتکۆین زیاتر لە بەهاکەی لەدەستبدات."
 
کاتێک کۆمپانیای تۆڕی سێلسیەس، گەورە کۆمپانیای بەریتانیی بواری دراوی دیجیتاڵی رایگەیاند، "بەهۆی دۆخی ئەوپەڕی ناڕوونی بازاڕەوە مامەڵەکانی دراوی دیجیتاڵی رادەگرێت" بەهای بیتکۆین زیاتر دابەزی.
 
کۆمپانیاکە دووشەممەی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ رایدەگەیێنین کە سێلسیەس تەواوی مامەڵەکانی راکێشان، ئاڵوگۆڕ و گواستنەوە لەنێوان هەژمارەکاندا رادەگرێت."
 
سێلسیەس ملیۆنێک و 700 هەزار کڕیاری لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و بەپێی وێبسایتی کۆمپانیاکە، سەرمایەکەی دەگاتە نزیکەی سێ ملیار و 700 ملیۆن دۆلار. لە مانگی ئایاری ساڵی 2022ـشدا کۆی سەرمایەی دراوی دیجیتاڵیی کڕیارەکانی بۆ زیاتر لە نیوە و بۆ کەمتر لە 12 ملیار دۆلار دابەزیوە بەراورد بە مانگی ئایاری ساڵی 2021.
 
ئیڤان دووبەردانی ئەوەیشی خستەڕوو، لە بەرامبەر دۆلار، تەنها بیتکۆین و دراوەکانی دیکە دانەبەزیون، بەڵکو یەن و یۆرۆ و دراوەکانی دیکەش بە دیجیتاڵییەکانیشەوە دابەزیون، تەنیا زێڕ نەبێت، "بۆیە ئەمە بەردەوام دەبێت و پێویستە وەبەرهێنەران دەستبەرداری دراوە دیجیتاڵییەکان ببن، ئەگەر بیانەوێت پارەکانیان پارێزراو بێت."
 
بیتکۆین یەکێکە لە دراوە دیجیتاڵییەکان، دروستکردنی دراوێک کە بەرجەستە نەبێت و تەنیا کۆد و زانیاریی ئەلیکترۆنی بێت، پێویستی بەوەیە کە سیستەمێکی ئاسایشی بەهێزی هەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بیتکۆین ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا کەس نەتوانیوە سیستەمەکە هاک بکات. زانیارییەکانی بیتکۆین لەسەر کۆمەڵێک بلۆک هەڵدەگیرێن کە پێیان دەگوترێت "بلۆک-چەین" واتە زنجیرەیەکی بلۆکی.
 
رۆژی 22ی ئایاری 2010 ، بیتکۆین کاراکرا، بەهای یەک بیتکۆین لە سەرەتای دروستبوونیەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، بەجۆرێک کە لە یەکەم رۆژی دروستبوونیدا، بەهاکەی 0.008 دۆلار بوو، بەڵام لە ماوەی پێنج رۆژدا بەهای 1000% هەڵکشا و بووە 8 دۆلار.
 
لە سەرەتادا 10 هەزار بیتکۆین درا بە دوو پیتزا، واتە هەر پیتزایەک بە پێنج هەزار بیتکۆین، بەڵام ئێستا بەهای یەک بیتکۆین کەمترە لە 20 هەزار دۆلارە، بەڵام نرخ و بەهای ئەم دراوە دیجیتاڵییە بەردەوام لە هەڵبەز و دابەزدایە و زۆرترین گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە دەبێت وەبەرهێنەران و ئەوانەی مامەڵەی پێوەدەکەن بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن.
 
بەهای بیتکۆین لە مانگی نۆڤێمبەری 2021دا بۆ سەرووی 68 هەزار دۆلار بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاست بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.