رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکات کە لە سەرانسەری جیهان جەژنی نەورۆز دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 19ی ئاداری 2025، کۆشکی سپی پەیامێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بڵاوکردووەتەوە. لە پەیامەکەدا جەژنی نەورۆز بە "جەژنێکی کۆن"، ناو دەبات و دەڵێت: "گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرانسەری جیهان یادی جەژنی کۆنی نەورۆز دەکەنەوە."
لەدرێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە: "نەورۆز بۆ گەلی فارس بۆنەیەکی خۆشییە، سەرەتای بەهار و ساڵی نوێی فارسییە. ئەم نەریتە دێرینە دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە بەخشندەییەکانی ساڵی رابردوو و خۆئامادەکردن بۆ بەهاری داهاتوو بە رۆحیەتێکی نوێوە."
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەی جەژنی نەورۆزدا ئاماژە بەوە دەکات "گەلی فارس بە کولتوورە پڕ وزەکەی و بەهرە تایبەتەکانیان لە بوارەکانی وەکو بیرکاری، زانست، یاسا، تەکنەلۆژیا و هونەر، بەشدارییەکی زۆر گرنگ لە کۆمەڵگەدا دەکەن. بەناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، هیوای جەژنێکی خۆشیان بۆ دەخوازم. نەورۆزتان پیرۆز بێت!"
لە ئەمریکا، جەژنی نەورۆز بە سەری ساڵی فارسەکان ناسراوە، هەربۆیە حکومەتی ئەمریکا ساڵانە، پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی فارسەکان دەکات.
بە گوێرەی سەرچاوەکان؛ ساڵانە بێجگە لە گەلی کورد، نزیکەی 300 ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهان لە وڵاتانی وەکو؛ ئێران، ئەفغانستان، ئازەربایجان، تاجیکستان، هیندستان و چەندین وڵاتی دیکە جەژنی نەورۆز دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ