کامالا هاریس: رووسیا هێرش بکات سزای کەمەرشکێنی بەسەردا دەسەپێنین

19-02-2022
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و کامالا هاریس لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و کامالا هاریس لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئاڵۆزییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکی ئۆکراینای راگەیاند، دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا رووسیا هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەی، گوتیشی، ئەمریکا بەو ئاسانییە مەیدانەکە بۆ رووسیا چۆڵ ناکات و کاردانەوەی تووندی بەرامبەر کارێکی لەو جۆرە دەبێت. 
 
رۆژ بە رۆژ هەڕەشەی داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە زیاد دەبێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی چووە بەردەم میدیاکان و دوایین زانیاریی هەواڵگری ئاشکراکرد، گوتی دەکرێت هێرشەکە لەم هەفتەیەدا رووبدات. 
 
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بەیەکەوە رێکاری ئابووریمان ئامادەکردووە کە خێرا و کەمەرشکێن و یەکگرتوو دەبن. سزای دارایی و هەناردەکاری ئێجگار قورس دەسەپێنین. دامەزراوە دارایی و پیشەسازییە سەرەکییەکانی رووسیا دەکەینە ئامانج. ئەوانەی دەستیان تێدا هەیە، هەموو ئەوانەی هاوکاری دەکەن ئەوانەی هانی داگیرکارییەکە دەدەن، دەکەینە ئامانج."
 
بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی جیهان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا رایانگەیاند، هێرشبکرێتە سەر ئۆکراینا کاریگەرییەکەی بەشی زۆری سەر زەوی دەگرێتەوە. 
 
سەرکردەکان گومانیان لە نیازی ڤیلادیمیر پووتین نەماوە، بەڵام دوایین هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە شەڕێک تاقیدەکەنەوە کە جۆ بایدن بە شەڕێکی "مسۆگەر" ناوی دەبات. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئێمەی ئەوروپییەکان و وڵاتانی سەر کەناری زەریای ئەتڵەنتیک هۆشداریمان داوەتە رووسیا کە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراینا هەڵەیەکی جیددی دەبێت. نامانەوێت دۆخەکە بەو جۆرەی لێ بێت. رووسیا ئێستا وەڵامی خۆی بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا ئاشکراکردووە، منیش دەڵێم: بەڵێ، ئێمە ئامادەی دانوستاندنین. بەدڵنیاییەوە جیاوازی لەنێوان داواکاری نابەجێ لەلایەک و بەرژەوەندی رەوای ئەمنی لەلایەکەی دیکە دەکەین."
 
لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا ئاماژەکان لە نزیکبوونەوەی هەڵگیرسانی شەڕ دەچن. لە هەرێمی دۆنێتسکە، خەڵکی سڤیل بەرەو سنوورەکانی رووسیا هەڵدێن، سەرکردە جوداخوازەکانی نزیک لە رووسیا بە خەڵکیان گوتووە، لەلایەن ئۆکرایناوە هێرشیان دەکرێتە سەریان. ئەمریکاش دەڵێت، ئەوە سیناریۆ و پڕوپاگەندەی رووسیایە بۆ هەڵبەستنی پاساوی شەڕ.
 
دووەم رۆژە ڤیلادیمیر پووتین لەگەڵ سەرۆکی بێلاڕووس کۆدەبێتەوە، ئەمجارەیان بەیەکەوە سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی ئەتۆمییان کرد. پووتین دەڵێت، گوێ بۆ داواکارییەکانیان نەگیراوە و ئاسایشی سنوورەکانیان لەلایەن ناتۆوە لەژێر هەڕەشەدایە. 
 
سەرەڕای هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەی و هۆشدارییەکانی ئەمریکا بۆی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی شەممە گەشتی بۆ ئەڵمانیا کرد و بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا کرد. لەوێ لە گوتارێکدا داوای لە هەموو لایەک کرد رێگە لە شەڕ بگرن و گوتی، ئەگەر شەڕ ببێت کارەسات دەخوڵقێت. هاوکات خەڵکی ئۆکراینا چارەسەرێکیان بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن. 
 
زێلێنسکی رووی لە سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا کرد و گوتی، ئۆکراینا وەکو قەڵخانێکە بۆ ئەوروپا دژی سەربازەکانی رووسیا. لەبارەی ژیان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا ئەو سەرۆکە گوتی، دۆخی ژیان لەوێ "زۆر خراپە" و رۆژانە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە هەیە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دۆناجین ویڵد لەکاتی تۆمارکردنی ریکۆردەکەی

ژنێکی 59 ساڵان ریکۆردی زۆرترین شناوی شکاند

دۆناجین ویڵد، تەمەنی 59 ساڵە و خەڵکی پارێزگەی ئەلبێرتای کەنەدایە، توانی ریکۆردی زۆرترین شناو لە کاژێرێکدا بۆ ژنان لە کتێبی گینس بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات. ویڵد هەزار و 575 شناوی لە کاژێرێکدا لێدا.