رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بە دوو پۆست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و یوتیووب، گەڕانەوەی خۆی بۆ ئەو دوو پلاتفۆڕمەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیاند، ئەوەش لەدوای زیاتر لە دوو ساڵ قەدەخەکردنی لەلایەن کۆمپانیاکانی خاوەنی ئەو دوو پلاتفۆڕمە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی هەینی، 17ـی ئاداری 2023 پۆستێکی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و لەسەری نووسی "I'M BACK" واتە "من گەڕامەوە".
لەگەڵ پۆستەکەیدا، ترەمپ گرتە ڤیدیۆیەکی 12 چرکەیی بڵاوکردەوە. گرتە ڤیدیۆکە بۆ کاتی پێشکێشکردنی گوتاری بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016 لە دژی هیلاری کلینتن دەگەڕێتەوە، کە تێیدا دەڵێت "ببوورن کە ئێوەم لە چاوەڕوانیدا هێشتەوە... کارێکی ئاڵۆزە".
لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا، پۆستەرێک دەردەکەوێت کە ناوی ترەمپ و درووشمی بانگەشەی ساڵی 2016ـی لەسەرە، واتە جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە دەکەینەوە" و، ساڵی 2024ـی لەژێردا نووسیوە.
ترەمپی تەمەن 76 ساڵی سەرکردەی کۆمارییەکان، کە بەربژێری سەرەکیی پارتەکەیەتی بۆ هەڵبژاردنی 2024، لەو کاتەوەی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بلۆک کرابوو، نەیتوانیوە پۆست بۆ 34 ملیۆن فۆڵۆوەرزەکانی لە فەیسبووک و 2.6 ملیۆن سەبسکرایبەری لە یوتیووب بکات.
هەردوو پلاتفۆرمەکە، چەند رۆژێک لەدوای رووداوەکانی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 ترەمپیان بلۆککرد. ئەو کاتەی لەدوای دۆڕانی بە جۆ بایدن لە هەڵبژاردندا، پاڵپشتیکارانی هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە واشنتن.
هەژماری توویتەری ترەمپ کە 87 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە، لەدوای 6ـی کانوونی دووەمی 2021 راگیرا. ئەوەش وایکرد سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی Truth Social دابمەزرێنێت، لەوێدا تەنیا پێنج ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە.
ئیلۆن مەسک، خاوەنە نوێیەکەی توویتەر لە مانگی تشرینی دووەمی 2022ـدا هەژمارەکەی ترەمپی کاراکردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ترەمپ هیچ توویتێکی نوێی لە توویتەر بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ