رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی نزیکەی 100 وڵات لە سویسرا بۆ تاوتوێکردنی ئاشتی لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا کۆبوونەوە، بەڵام بێ بەشداربوونی بەرپرسانی رووسی.
سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پلانێک بۆ ئاشتی رێکبکەوێت، ئەوا پلانەکە پێشکێشی رووسیا دەکەن بۆئەوەی بڕیاری خۆی بدات.
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "پێویستە پێکەوە بڕیار بدەین ئاشتییەکی دادپەروەرانە چ واتەیەکی بۆ جیهان دەبێت و چۆن بە شێوەیەک بەرپا دەبێت کە بمێنێتەوە. پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێمە بناخەیە. دواتر کە پلانەکە خرایە سەر مێز و هەمووان رەزامەندییان لەسەر دەربڕی و بۆ خەڵک روون بوو، پێشکێش بە نوێنەرانی رووسیا دەکرێت."
هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کیێڤ، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆکراینا دووپات کردەوە و مەرجەکانی رووسیایان بۆ وەستاندنی جەنگ رەتکردنەوە. مۆسکۆ داوای کردبوو، ئۆکراینا دەستبەرداری چوار هەرێمی خۆی و هەوڵەکانی بەئەندامبوون لە ناتۆ ببێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، "هەموومان لەگەڵ دروستکردنی ئاشتییەکی بەردەوامداین، بەڵام وەکو زۆر لە ئێوە باستان کرد، ئاشتیی لەو جۆرە نابێت خۆبەدەستەوەدانی ئۆکراینا بێت."
کۆڵۆمبیا، ئەو وڵاتەی کە هاوبەشی ناتۆیە و ئەمریکا بە هاوپەیمانی گرنگی خۆی دایدەنێت، پێیوابوو لووتکەکەی سویسرا بێ بەشداری رووسیا، زیاتر خزمەت بە جەنگ دەکات وەک لە ئاشتی، بۆیە لە لووتکەکە کشایەوە.
گوستاڤۆ پێدرۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا رایگەیاند، "لووتکەکەی سویسرا لە بنەڕەتدا لایەنگریکردنی جەنگە، ئێمەش ئەوەمان پێ باش نییە، بۆیە بڕیارم دا سەردانەکەم هەڵبوەشێنمەوە."
هۆکاری بەشدارنەبوونی رووسیا ئەوەیە کە کرێملن پێیوایە سویسرا لەو کاتەوەی سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە، بێلایەنیی خۆی لەدەستداوە.
پووتینیش پێشتر جەختیکردەوە، هەر گفتوگۆیەک بێ بەشداریی رووسیا، ئەنجامی نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ