رووداو دیجیتاڵ
جموجۆڵێکی زۆری بەلەم لە بەندەرێکی کەناراوەکانی سەنیگال هەیە. بەشێکیان بۆ راوە ماسی، بەشێکیشیان رووی بەلەمەکانیان لە ئەورووپایە و ئامانجیان گەیشتنە بەدوورگەکانی کەناری سەر بە ئیسپانیا و دواتریش ئەورووپا.
بەڵام مەرج نییە هەمیشە ئامانجەکانیان بپێکن. رۆیشتنی محەممەد لە بەرەبەیانییەکی زوودا، بۆ هەمیشە بووە یادگارییەکی تاڵ بۆ عومەری باوکی.
عومەر، باوکی محەممەدە و دەڵێت، "محەممەد کەسێکی باشبوو. منی زۆر خۆشدەویست. هەموو خەڵک شایەتی دەدەن کەسێکی باشبوو."
بەلەمەکەی محەممەد لە نزیک دوورگەی کەناریی سەر بە ئیسپانیا تێکشکاوە. باوکی دەڵێت: "گوتیان تەنیا 9 کەس لەو گەشتە رزگاریان بووە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئیسپانیا کراون. کاتێک رزگاربووان بەهۆش خۆیان هاتنەوە. پرسیاریان لێکرا، گوتیان دەزانین محەمەد مردووە. هەر کە گوێم لە دەنگی دەبێت، فرمێسک لە چاوەکانم دەبارن."
ئەوانەی بۆ مەلەکردن یاخود راوەماسی هاتوونەتە ئێرە، تێکەڵ بەوانەبوون هزری گرتنەبەری رێگەی مان و نەمان لە مێشکیان چەسپیوە.
سالیو، هاووڵاتی سەنیگالییە و دەڵێت: "کۆچکردن بۆ ئیسپانیا هەموو رۆژێک لە خەیاڵمە. لە ئانوساتدایە. چونکە گوزەرانمان باش نییە. قورسە. ئەگەر پارەم هەبووایە لە دوو رۆژدا دەڕۆیشتم. چونکە ئەو بەلەمانەی دەڕۆن لێرەوە دەکەونەڕێ وەکو دەیانبینی. ئەگەر دەرفەتم هەبێت و بڕۆم لەپێناو منداڵەکانمە، ئەگەر دەرفەتیش نەبێت و بمێنمەوە، ئەویش لەپێناو منداڵەکانمە."
هاوکێشەیەکی شیتەڵنەکراوی ژیان بەرۆکی هەژارەکانی سەنیگالی گرتووە. منداڵان لەپێناو دایک و باوکیان کۆچدەکەن و دایک و باوکانیش لەپێناو منداڵەکانیان.
ئەم مێردمنداڵە 35 رۆژ لە دەریادا گیری خوارد. ئەوکاتەی بەلەمەکەیان لە دوورگەیەکی سەربە ئیسپانیا دۆزرایەوە، 60 لە کۆچبەرەکان مردن.
رزگاربووێک دەڵێت: "دوای 13 رۆژ خۆراک و سووتەمەنیمان نەما. هەموو شتێک تەواو بوو. دەستمانکرد بە خواردنەوەی ئاوی دەریا."
خەڵک لە چەندین وڵاتی ئەفریقی ئەم بەندەرەی سەنیگال وەکو دەرچەیەک بۆ رزگاربوون لە هەژاری بەکاردێنن.
لە مانگی یەکی ئەم ساڵ 7270 خەڵک لێرەوە بەرەو دوورگەکانی کەناری سەر بە ئیسپانیا کۆچیان کردووە، ئەم ئامارە هێندەی شەش مانگی یەکەمی 2023یە.
بەگوێرەی رێکخراوی کامیناندۆ فرۆنتێرس بۆ پاڵپشتیکردن لە کۆچبەران، لە 2023 زیاتر لە 6600 کۆچبەر لەم رێگەیەدا خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ